نوری بریمۆ، سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای کوردستان: داوای فیدراڵی بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا دەکەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سیاسەتمەدارێکی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاگەیاند، پەیەدە ھەر لە سەرەتاوە لەگەڵ یەکڕیزی کورد لە سووریا نەبووە. دەشڵێ، ئەگەر پەیەدە نەبووایە لە ٢٠١١ شۆڕشی کوردی لە سووریا سەردەکەوت، ئێستاش داوای فیدراڵی بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا دەکەین.

لە ڕۆژی ٨-١٢-٢٠٢٤ کەوتنی حکوومەتی بەشار ئەسەد ڕاگەیێندرا و دەستەی تەحریر شام حکوومەتێکی کاتیی بۆ ماوەی سێ مانگ پێکھێنا.
نوری بریمۆ، سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ڕژێمی سووریا ٦٣ ساڵ حوکمی کرد، لەو ماوەیەدا قوربانی یەکەم کورد بووە، ڕژێمی سووریا وشەی کوردی قەدەغە کردبوو و لە دەستووری سووریادا شتێک نەبوو بە ناوی کورد، لەو ماوەیەدا بە سەدان کورد دەستگیرکراون و شەھید و زیندەبەچاڵکراون، ھەر لە یەکەم ڕۆژی حوکمی ئەو ڕژێمە تا ڕووخانی، کورد لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا ھەبوون، ئێستا لاپەڕەیەکی نوێ لە سووریا ھەڵدراوەتەوە، دەبێت ئێستا بە بیرێکی نوێ بڕوانینە دۆخی سووریا و کورد لەو بەشەی کوردستان بە مافەکانی خۆی بگات.
ئەو سیاسەتمەدارەی ڕۆژئاوای کوردستان، دەشڵێ: ھەردەم گوتومانە کورد نەتەوەی دووەمە لە سووریا، بۆیە مافی کوردە بە مافەکانی خۆی بگات، بۆیە وەکو کورد بەردەوام دەبین لە خەبات و داوای فیدراڵی بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا دەکەین.
نوری بریمۆ، سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای کوردستان، ئاشکراشی کرد: یەکڕیزی نێو ماڵی کورد لە یەکەم ڕۆژەوە داواکاری ئێمە بوو، بۆ ئەو مەبەستە چەندین ڕێککەوتن لە نێوان لایەنە کوردییەکان وەکو ڕێککەوتنی ھەولێر ١ و ھەولێر ٢، ڕێککەوتنی دھۆک کران، بەڵام پەیەدە پێگر نەبوو بە ڕێککەوتنەکان، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو کە ئەوان پەیوەندییان بە قەندیلەوە ھەبوو و ئەوان نەیان دەھێشت کورد لەو بەشەی کوردستان یەکگرتوو بێت، لەگەڵ حزبە کوردییەکانی دیکە بەردەوام شەڕیان دەکرد و سەرکردەکانی ئەو حزبانەیان دەستگیر دەکرد و ئەشکەنجەیان دەدا، ئێستاش کە ناچار بووە داوای یەکڕیزی دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر پەیەدە نەبوایە لە ساڵی ٢٠١١ کورد سەردەکەوت.
نووری بریمۆ، لەبارەی یەکڕیزیی کورد لە سووریا، گوتی: ئێمە لەگەڵ یەکڕیزیی گەلی کوردداین، بەڵام شتێکی دیکەش ھەیە، ئەو ھێزە سیاسییانەی ئێستا دەستەڵاتیان لە سووریا وەرگرتووە و بەتایبەت تورکیا کە یاریزانی سەرەکیی یارییەکەیە، بە ھیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات پەکەکە و لایەنگرانی بەشداریی لە دانوستانەکاندا بکەن.
نوری بریمۆ، سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای کوردستان، بە پێویستی دەزانێت کورد لە قۆناغی ئێستادا زۆر ژیرانە مامەڵە بکات و نابێت بە دروشمی گەورە ھەڵبخەڵەتێت، دۆزی ئێمەی کورد لە دیمەشق چارە دەبێت و دەبێت بە گفتوگۆ بگەینە ئامانج، بۆ ئەمەش دەبێت پەیەدە قەندیل و شارەکانی عەرەب لە سووریا بەجێبھێڵی و لەگەڵ شەقامی کوردی بێت و لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد پێکەوە کار بکەن و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی شام بکەن، بەو شێوەیە دەتوانن مافەکانی کورد لەو بەشەی کوردستان بەدەست بھێنن.