ڕائیب جادر – هەولێر
وارسی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی ئەوانەی ڕەزامەندیان ھەیە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پارچە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون. بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، دەڵێت: ئەمساڵ چوار ھەزاریان سوودمەندبوونە، ئەوانەشی ماون ساڵی نوێ پارچە زەوییان پێدەدرێت، پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تا یەک کەس مابێت. بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، ڕاگەیاند، ئەمساڵ ٥٤٣ یەکەی نیشتەجێبوون بە کەسوکاری شەھیدان دراوە.
کەسوکاری شەھیدان، سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن، کە بەبێ جیاوازی خزمەتی کەسوکاری شەھیدان دەکات و زەوی و یەکەی نیشتەجێبوونیان پێ دراوە، داواش دەکەن ھەموو کەسوکارێکی شەھیدان لە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند بێت.
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: وەکو پلان و بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە کارنامەی کابینەی نۆیەم ھاتووە، دەبێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی بکرێت لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا ھەنگاونراوە لە ماوەی ڕابردوودا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت ٥٤٣ یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەولێر و سۆران بەسەر کەسوکاری شەھیدان دابەشکران.
بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، دەشڵێ: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٤٤ یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر شەھیدانی شەڕی داعش دابەشکراوە، لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، ئەو شەھیدانەی کە تا ئێستا لە بابەتی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبوونە بۆیان دابین دەکرێت، پرۆسەکە دەستی پێکردووە و لیژنەیەکی ھەماھەنگی لە نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ھەیە، ئێمەش وەکو بەڕێوەرایەتی گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران دەستمان بەم پرۆسەیە کردووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە ھەشت ھەزار شەھید و ئەنفال ھەن، خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن، خزمەتگوزاری پەروەردە، تەندروستی، دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و زەوی، ھەموو ئەو ھاوکاری و کارئاسانیانە لەڕێگەی وەزارەتی شەھیدان پێشکەش دەکرێت، لە ئیدارەی سۆرانیش لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانەوە دەکرێت، لە کەرتی پەروەدە ھەموو ئەو خێزانانە لێی سوودمەندن کە کوڕ و کچ و خێزانی شەھید دەخوێنن، لەسەر ئەرکی حکوومەت خەرجییەکان بۆیان دابین دەکرێت، پرۆسەکە بەردەوامە ڕۆژانە ئەو قوتابییانەی لە پرۆسەی خوێندن دەبێت پارە بدەن مامەڵەکانیان بۆ دەکرێت، لەڕووی تەندروستییەوە لە نەخۆشخانە حکومییەکان بێبەرامبەر ھەموو چارەسەریەک وەردەگرن، لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانیش بە داشکاندنی ٥٠% بۆ کەسوکاری شەھیدان بۆیان دەستەبەر دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە ناڤسەر نووری، بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، ڕایگەیاند، زیاتر لە دە ھەزار وارسی شەھید و ئەنفالکراو و زیندانی سیاسی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی وەرگرتنی پارچە زەوی ھەیە، ئەمساڵ چوار ھەزاریان سوودمەندبوونە و ئەوانەشی ماون ساڵی نوێ پارچە زەویان پێدەدرێت و پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت تا یەک کەس مابێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: پرۆسەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان بەردەوامی ھەیە و ساڵی ٢٠٢٥ پرۆسەی دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵی داھاتوو ژمارەیەک یەکە بەسەر کەسوکاری شەھیدان دابەش دەکرێن و ئەمساڵ ژمارەیەک دابەشکرا و بەشێکیان ماون بڕیارە ساڵی نوێ ئەوانیش سوودمەندبن.