وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان. سبەینێ ناوبراو پێشهاتەکانی ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمەکە تاوتوێ دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، گویدۆ کرۆزێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، بە سەردانێکی فەرمی، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان. لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمەکە پێشوازیی لێ کرا.
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، سەبەینێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پێشهاتەکانی ناوچەکە لەگەڵیاندا تاوتوێ دەکات، هەروەها ناوبراو ڕاوێژکار و هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمەکە بەسەر دەکاتەوە.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئـاماژەی بەوە کرد: “ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، بەسەرکردنەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا و ڕاوێژکارانی سەربازیی و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەیە لە هەرێمی کوردستان.”
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “چەندان دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەبێت.”
دوایین سەردانی ئەو وەزیرە ئیتاڵییە بۆ هەرێمی کوردستان، لە 02ـی ئایاری 2023، بوو، کە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و سەرباز و ڕاوێژکارانی سوپای وڵاتەکەی بەسەر کردەوە.
ئیتاڵیا، یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن و مەشق بە پێشمەرگە و سەربازانی عێراق دەکەن.