شاندەکەی وەزارەتی دارایی “بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە هونەرییەکان” دەچێتەوە بەغدا

شەممە، 21-12-2024، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: “لە کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 15-12-2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ بریاری دا تیمێک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەردانی هەولێر بکەن و لە ماوەی 10 ڕۆژدا بە هاوبەشی کاری پێکەوەیی بکەن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.”

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە: “تەواوی ئەو ڕێکارانەی بۆ ڕێکخستنەوەی میزان مراجەعەی مانگانەی هەرێم لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە تا مانگی 11ی ئەمساڵ مانگ بە مانگ وردبینی بۆ کرا و ڕێکخرایەوە بەو شێوەیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای کردبوو لەسەر لیستی مووچە و خەرجی تەشغیلی و ئەو بڕە پارانەی کە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم نێردراوە و ئەو پارانەی لە هەرێم لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج کراوە، بەتایبەت بۆ پڕکردنەوەی مووچەی مانگانە هەمووی دیاری کراوە.”

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت: “بە دەستخۆشی زۆرەوە بۆ هەردوو تیمەکە (تیمی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و تیمی وەزارەتی دارایی هەرێم) پاش ماندووبونێکی زۆر کە شەو و ڕۆژ کاریان کرد، ئەمڕۆ کۆتایی بەکارەکانیان دەهێنن.”

ڕێباز حەملان ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، 22-12-2024، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و تیمی تەکنیکی وەزارەت بچنەوە بەغداد بۆ بەدواداچوونی کارەکان، بە هەوڵی هەمووان بەرەو ئەوە دەڕۆین کێشە هونەرییەکان کۆتاییان پێ بێت.”