پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەى دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاوی لە گەڕەکەکانی (کرێکاران، ڕزگاری، سەفین)ی بەسەرکردەوە

 

“کە بەگوژمەى ( 849 ملیۆن و 909 هەزار دینار) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر دەست بە جێبەجێکردنى کراوە”

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.12.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، بە یاوەرى هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و ڕابەر حسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، پڕۆژەى دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاوی لە گەڕەکەکانی (کرێکاران، ڕزگاری، سەفین)ی بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەى (849 ملیۆن و 909 هەزار دینا) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر دەست بە جێبەجێکردنى کراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا، دوای ئەوەی لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان کرد، دەستخۆشى لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکارانى پڕۆژەکە کرد و، تەئکیدی لەوەکردەوە هەموو هەوڵێکى خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەى پڕۆژەکە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا بە کۆتابێت.

جێگەى باسە، پڕۆژەى دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاوی لە گەڕەکەکانی (کرێکاران، ڕزگاری، سەفین) پێکهاتووە لە دانانی بۆڕی پۆلی ئەثیلین تیرە (90، 110، 160 ) ملمی بە درێژی ( 13 کیلۆمەتر و 820 ) مەتر دووجا، لەئێستاشدا لە 95%ی کارەکانی پڕۆژەکە بەکۆتا هاتووە.