ڕۆژی دووەم و کۆتایی فێستیڤاڵی ڕامان لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ هەینی، 20ـی 12ـی 2024، دەمژمێر 10ـی بەیانی، بە ئامادەبوونی (د.سالار عوسمان) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیمان و بەرپرسانی حزبی، حکوومی، ئیداری، ڕۆژنامەڤانان، هۆزانڤانان، هونەرمەندان و نووسەران، ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵی ڕامان بەنێونیشانی (کولتوور و ئەدەبیات، ئێستا و ئاییندە) لە هەولێری پایتەخت بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان, سەروەریان
(بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی) ی هەمیشە لەیاد، لەگەڵ سروودی (ئەی ڕەقیب) دەستی پێ کرد.

لە ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکەدا، سێ پانێڵی گرنگ بەڕێوەچوون کە تەواوکاری پانێڵەکانی ڕۆژانی یەکەم بوون، تیایدا چەندین توێژەر و پسپۆڕ بەشدارییان کرد.
پانێڵی سێیەم لە ڕۆژی دووەم تایبەت بوو بە “کولتوور لەسەردەمی تەکنەلۆژیادا” و، لەلایەن(د.کوردستان موکریانی) بەڕێوەبرا. لەم پانێڵەدا (پ.د حەمید عەزیز) باسی لە ڕەوشی فەلسەفە کرد لە سەردەمی تەکنەلۆژیا. هەروەها (د.کەریم شەریف قەرەچەتانی)، تیشکی خستە پاراستنی بەها ڕەسەنەکانی کورد لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. (د.سالار تاوگۆزی)یش باسی لە پێوەندی نێوان ئەدەب و تەکنەلۆژیا لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندەدا کرد. هەروەها ڕەوتی کلتوور لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم و ئاییندەدا) لەلایەن (فازیل شەوڕۆ) باس کرا.

پانێڵی چوارەم بە نێونیشانی “کولتوور و ڕوانینێک بۆ ئاییندە” بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتیی (ئاهوورا کوردستانی)، لەم پانێڵەدا (پ.د یوسف حەمەساڵح) لەبارەی تەنگژەی ڕۆشنبیری لە سەردەمی شۆڕش و زانیاری و ژمارەییدا ئاخاوت.
هەروەها (ئینان ئۆرغلو) تیشکی خستە سەر نڤیسکاری د سەردەما نوودا. هەروەها (حسێن لەتیف) باسی لە جوانییەکانی ئەدەب لە سەردەمی پڕوپوچیدا کرد.

پانێڵی پێنجەم تایبەت بوو بە “بە کولتوورکردن و لەمپەرەکانی” لەم پانێڵەدا کە (د.شەونم یەحیا) بەڕێوەیبرد، (ئازاد بەرزنجی) باسی لە خوێندنەوە کرد لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا، هەروەها (لەیلا ساڵح) تیشکی خستە سەر بە کولتوور کردنی خوێندنەوە لە سەردەمی سۆشیال میدیادا. لە کۆتایی ئەم پانێڵەدا (هێرش شێخ عومەر) لە چوارچێوەی بابەتەکەیدا باسی لە چارەسەری دانەبڕانی لە کتێب کرد لە سەردەمی جەنجاڵیی ژیانی مۆدێرن.

لە ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکەشدا، شیعر بەشێکی گرنگ و سەرەکی بوو، لەو ڕوانگەیەوە پێنج شاعیر لە شارەکانی کوردستان بەرهەمە شیعرییەکانیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە پێکهاتبوون لە شاعیران؛ (نەسرین باودندپوور، نەژاد عەزیز سورمێ، ڕەزای عەلی پوور، خەلیل دهۆکی، عەبدولقادر سەرچناری، هاڤین ئاچەر، حەمەساڵح سوزەنی، شێخمووس سەفەر، چنوور نامیق، د.ئاراس عەزیز عەبدوڵا، هەلبین باقر).

دواتریش و لە کۆتایی ڤیستیڤاڵ لە ڕێگەی لیژنەی ڕاسپاردەکانەوە، ڕاسپاردەکانی فیستیڤاڵ خوێندرایەوە.