دانا ئەحمەد عزەت بە پلەی ڕائید و بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری لە پرۆگرامی تایبەت بە تیرۆر و لێکۆڵینەوەی ئەمنی کرد، کە لەلایەن سەنتەری جۆرج مارشاڵی ئەمەریکی لە ئەلمانیا بەڕێوەچوو.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕائید دانا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی تەواوی دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداری پرۆگرامەکە بوو.
لەبارەی بەشداربوونی لە پرۆگرامەکە، دانا ئەحمەد تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، خولەکە سێ هەفتە دەخایەنێت و گرنگی و تایبەتمەندی پرۆگرامەکە لەوەدایە کە بەشێکی زۆر لە وڵاتان بە ناردنی نوێنەرانی لێهاتوو بۆ بەهێزکردنی توانا ئەمنییەکان بەشداری پرۆگرامەکە دەکەن.
گوتیشی: پرۆگرامەکە ساڵانە بەڕێوە دەچێت و ئامانج لێی گەشەپێدانی و بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکانە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆ ئەم ساڵ لە 64 وڵاتەوە 93 کەس بەشداری پرۆگرامەکە بوون.
هەروا گوتی: بۆ ئەم ساڵ کورسی بەشداربوونی پرۆگرامەکە بە حکوومەتی عێراق درابوو، بەڵام بەغدا مافی بەشداربوونەکەی بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا و منیش بە نوێنەرایەتی وەزارەت بەشداری خولەکەم کرد.
بە گوێرەی ئەوەی سەنتەری مارشاڵ بڵاویکردووەتەوە، ئامانجی خولەکە بەهێزکردنی تۆڕی جیهانی شارەزایانی دژە تیرۆرە لە لێکۆڵینەوە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێکخراوە توندڕەوەکان، لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندیی و کاری هاوبەشی حکوومەت و کۆمەڵگەکانە لە بواری ئەمنی.