شاخەوان عەبدولڵا: نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵامان هەڵوەشاندەوە

شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: تایبەت بەخوێندنی کوردی لە زانکۆی کەرکووک، نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵایان هەڵوەشاندووەتەوە و دەڵێت: قوتابیانی کوردی زانکۆی کەرکووک تاقیکردنەوە دەکەنەوە.

پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: دوای ئەوەی نووسراوێکی بەرێوەبەرایەتی کارگێری خوێندن و پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ گەیشتە زانکۆی کەرکووک و پڕ بوو لەهەڵەی یاسایی و دەستووری، هاوکات بەنەفەسێکی شۆڤێنی نوسرابوو، دەست بەجێ نووسراوێکی بەپەلەمان لەو بارەوە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ کرد.

شاخەوان عەبدولڵا دەڵێت:  بەسوپاسەوە وەزیری خوێندنی باڵای فیدراڵ پەیوەندی پێمانەوە کردو گوتی: ئەو نووسراوە هەڵدەوەشێنمەوە چونکە گوزارشت لە ڕای وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ ناکات، لەبەر ئەوەی زمانی کوردی فەرمییەو هیچ کەس ناتوانێت ڕێگە لەخوێندنی کوردی بگرێت، دەشڵێت: وەزیری خوێندنی باڵای فیدراڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستبەجێ پەیوەندی بەسەرۆکی زانکۆی کەرکووکەوە دەکات بۆ ئەوەی کار بەو نووسراوە نەکرێت، لەگەڵ ئەوەش تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ دووبارە بکرێتەوە .

ئەو هەوڵەی شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدا هات کە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، ژمارەیەک لە قوتابیانی کورد لە زانکۆی کەرکووک بێبەش کران لە وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکەیان بە زمانی کوردی، بەپێی ئەوەی بڕیارێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ هەمووانی ناچار کردووە تەنها بە زمانی عەرەبی وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بدەنەوە، وەڵامدانەوە بە زمانی کوردی ڕێگەپێدراو نییە.