بە گوێرەی ڕێنماییەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوتابییانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا)، لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێم، دەتوانن بە بێ مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی تاوتوێی ماستەرنامە و تێزی دکتۆراکانیان بکەن، بەڵام لە لایەن زانکۆکانەوە بڕوانامەیان پێ نابەخشرێت تا ئەو کاتەی توانستی زمانەکە دەستەبەر دەکەن.
هەر بە پێی ڕێنماییەکە، پێویستە قوتابییانی خوێندنی باڵا لە ماوەی یەک ساڵ لە ڕێکەوتی ئەنجامدانی گفتوگۆی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا، مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی بەدەست بهێنن، بە پێچەوانەوە فەرمانی زانکۆیی سڕینەوەی ناویان لە خوێندن لە لایەن زانکۆکانەوە بۆ دەکرێت، هەروەها دەبێت قوتابییان بەڵێننامە لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی زانکۆکان پڕ بکەنەوە کە بە ناوەرۆکی ڕێنماییەکە پابەند دەبن.
لە خاڵیکی دیکەی ڕێنماییەکەدا هاتووە، قوتابییانی خاوەن پێداویستی تایبەت (تەنیا نابینایان) لە خوێندنی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پلانی هاندانی نابینایان و لە کاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی پزیشکی هەمیشەیی، لە مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی دەبەخشرێن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕایگەیاند: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی قوتابییانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئاسانکاری لە پرۆسەی ئەنجامدانی گفتۆگۆی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا، هەروەها هاندانی قوتابییانی نابینا لە پرۆسەی خوێندنی باڵا، ئەم ڕێنماییە دەرکرا.