هەرێمی کوردستان و بەریتانیا جەخت لە هاریکاری و هەماهەنگیی نێوانیان دەکەنەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیاوە پێگەیشت و گفتوگۆیان لەبارەی چەند بابەتێکی ئەمنی و  پرسەکانی جێی بایەخی هاوبەش کرد.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوو وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، بیروڕایان لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردووە.

هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی دووپاتکردەوە و جەختیان لە پێویستی برەودان بە کارکردنی هاوبەش لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، خواستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزترکردنی هاوبەشیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.