بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ماددەی 140 هۆشداریی لەبارەی ئەو داگیرکارییە دەدات لەلایەن جووتیارانی عەرەبەوە دەکرێتە سەر موڵکی جووتیارانی کورد و دەڵێت؛ جووتیارە عەرەبەکان بە هەندانی هەندێک لایەن، ئاژاوە دروست دەکەن و دەست بەسەر زەویی جووتیارانی کورددا دەگرن.
دوێنێ، سدیق کاکەڕەش، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی لیژنەی ماددەی 140، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کێشەی جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک، ڕایگەیاند؛ جووتیارە عەرەبەکان هیچ مافێکیان بەسەر زەوییەکانی سەرگەڕان و ناوچەکانی دەوربەری نییە، بەڵام بە هاندانی هەندێک لایەن ئاژاوە دروست دەکەن.”
ئەوەشی خستەڕوو؛ 130 جووتیاری عەرەب قەرەبووی زەوییەکانیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئامادە نین چۆڵی بکەن.”
ئەوەشی ڕاگەیاند؛ بە گوێرەی ڕێککەوتنەکان لە دوای سەری ساڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش لە پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێنەوە، بەمەش لەسەدا 80ی کێشەی جووتیارانی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان چارە دەبن.”
بەپێی زانیارییەکان، ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا عەرەبی هاوردە ئاستەنگی بۆ جووتیارانی کورد دروستکردووە نزیکەی 40 هەزار دۆنمە و لە 26ی نیسانی ئەم ساڵ بە فەرمانی هێزێکی سوپای عێراق رێگە نەدرا جووتیارانی پێنج گوند لە ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن.
پێشتر سەرۆکی لیژنەی بەرگریی لە جووتیارانی کورد، ئەوەی ڕاگەیاندبوو؛ ئێستا عەرەبە هاوردەکان نووسراوێکیان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە هێناوە، گوایە بەگوێرەی سەرژمێریی ساڵی 1957 ئەوان خاوەنی زەوییەکانن. پێشتر و ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە، ئەوان ئەگەر بەگوێرەی سەرژمێریی ئەو ساڵە خاوەنی زەوییەکان بن با بۆ ئەوان بێت، بەڵام راست ناکەن.”
هەرچەندە کێشەی جووتیارانی کورد گەیەندراوەتە پەرلەمانی عێراقیش، بڕیاربوو پەرلەمان بە کۆی دەنگ بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس مافی جووتیارانی کورد بگەڕێنێتەوە، بەڵام هەوڵێکی سیاسی پێچەوانەی ئەو ویستەی جووتیارانی کورد لە نێو پەرلەمان هەیە و کۆسپی خستووەتە بەردەم پەسەند کردی ئەو بڕیارە.