دیندار زێباری: پێشوازیی لە دانپێدانانی پەرلەمانی سویسرا دەکەین سەبارەت بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان

  1. ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازیی لە دانپێدانانی مێژوویی پەرلەمانی سویسرا دەکەین لەبارەی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە، دەڵێت: بڕیارەکە هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامدراون، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆر و زیانلێکەوتووان.

چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی سویسرا بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدیەکان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نیشتمانی و نێودەوڵەتی هەوڵیداوە ئەو تاوانانەی تیرۆریستانی داعش وەک تاوانی جینۆساید بەرامبەر ئێزدیەکان ئەنجامیان داوە، بەتایبەت لە دوای پێکهێنانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد) بۆ بەدواداچوون و بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، دەڵێت: هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەرکەکانی تیمەکەی کرد بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و دۆکیومێنتکردنیان، بۆ ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد توانراوە زیاتر لە 42 هەزار فایل دۆکیۆمێنت بکرێت کە یەکسانە بە (408,540) لاپەڕە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش بە سیستەمی دیجیتاڵی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە بەردەوامی ئەم هەماهەنگییە کرد دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی یونیتاد و گوتی: بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بەڵگەنامە و زانیارییانەی تیمی یونیتاد هاوبەشی کردووە و بە دوو بەش گەیەندراونەتە هەرێمی کوردستان، دواتر ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە،  دەشڵێت: ئەو زانیاری و ماددانەی تێدان کە لەلایەن یونیتادەوە بە دیجیتاڵی کراون و یونیتاد بەدەستیهێناون لە لێکۆڵینەوەدا لەگەڵ تاوانبارانی داعش، هەروەها لە رێگای دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداری لێکۆڵەران و شارەزایانی یاسایی و پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری و شرۆڤەکاران.

دوێنێ سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024،  پەرلەمانی سویسرا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان، ئەو تاوانانەی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی ئەنجامیداوە، بە جینۆسایدی ناساند، بەمەش 17 وڵات لە ڕێگای پەرلەمانەکانیانەوە دانیان بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا ناوە.