محەمەد لادێ – ههولێر
ساڵانە لەگەڵ داهاتنەوەی وەرزی سەرمادا، بەهۆی بەکارهێنانی بۆ خۆگەرمکردنەوە، خواست لەسەر کڕینی غاز زیاد دەکات و هەندێکجار دەبێتە ئەزمە و هاووڵاتیان بە ئاسانی دەستیان پێناگات یاخود قۆرخکاری لە بازاردا دروست دەبێت و هاووڵاتیان ناچار دەبن بە نرخێکی گران بیکڕن.
بۆیە بە مەبەستی ڕێکخستنی دابەشکردنی غازی ماڵان و بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە ئاسانی دەستیان پێ بگات و، کەس بێبەش نەبێت، قایمقامی هەولێر بڕیاری داوە لە سەرەتای ساڵی ئایندەوە غازی ماڵان لە ڕێگەی فۆرمێکەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکات.
مەبەستیش لەو هەنگاوە، بۆ ڕێکخستنی زیاتری پڕۆسەی دابەشکردنی غازە بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هاووڵاتیاندا.هەروەها هەر بریکارێك سەرپێچی بکات و بەشە غازی هاووڵاتیان لە بازاڕی ڕەش بفرۆشێتەوە بە توندی سزا دەدرێت و هەموو بریکارەکانیش لەلایەن لێژنەکانی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانەوە بە وردی چاودێری دەکرێن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر وتی “لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر غاز زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی بۆ گەرمکردنی ماڵ و شوێنکاریش بەکاری دەهێنن، هەربۆیە بڕیارمان داوە دابەشکردنی غاز بکەینە فۆرم تا کەس بێبەش نەبێت.”
گوتیشی “لە سەرەتای ساڵی ئایندەوە فۆرمێکی تایبەت لەلایەن قایمقامیەتی ناوەندی هەولێرەوە ئامادە دەکرێت و لە ڕێگەی موختارەکانەوە دەدرێت بە هەموو خێزانێک و مانگانە دەتوانن لە ڕێگەی ئەو فۆرمەوە دوو بتڵ غاز بە نرخی حکومی وەربگرن.” قایمقامی هەولێر وتیشی هیچ بڕە پارەیەک لە لایەن حکومەتەوە بۆ وەرگرتنی فۆرمەکان لە هاووڵاتیان وەرناگیرێت تەنها بڕێکی کەم لەلایەن موختارەکانەوە بۆ کۆپیکردنی فۆرمەکان وەردەگیرێت و هەر بتڵێک غازیش بە نرخی (٨٥٠٠) دینار دەدرێتە هاووڵاتیان.