ئەمڕۆ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ماوەی دوو ڕۆژە بە سەردانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانن.
لەدیدارێکدا وەزیری دارایی پشتیوانی خۆی و وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند “لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە مووچە و جێبەجێکردنی داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و گەنجینەکان و سەرجەم یەکە ژمێریارییەکان ڕاسپێردراون لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا سەرجەم کارەکان تەواو بکەن.
لای خۆشیانەوە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق سوپاسی پشتیوانییەکانی وەزیری داراییان کرد و رایانگەیاند “وەک یەک تیم لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی کار دەکەن بۆ ئەوەی لەو ماوەی بۆیان دیاری کراوە کارەکان بە سەرکەوتوویی تەواو بکەن”.