پەرلەمانی سویسڕا ئەمڕۆ سێشەممە بەفەرمی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانی بە جینۆساید ناساند، ئەو تاوانەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 دژی ئێزدییەكان ئەنجامی دا.
ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی سویسڕا بۆ دەنگدان لەسەر بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان كۆبووەوە، تێیدا زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگیان بۆ بەرژەوەندی بڕیارەكە دا.
لە كۆبوونەوەكەدا 105 ئەندامی پەرلەمان دەنگیان بۆ بڕیارەكە دا و 60 ئەندامی دیكەش دژی وەستانەوە، بەمەش پەرلەمانی سویسڕا بەفەرمی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانی بە جینۆساید ناساند.
پێشتریش پەرلەمانی هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، كەنەدا، هۆڵەندا و چەند وڵاتێكی دیكە و پەرلەمانی ئەوروپا و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، دانیان بە جینۆسایدی ئێزیدییەكان دانابوو.
بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لە هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر شەنگال و ناوچەكانی دیكە لە ساڵی 2014 زیاتر لە 1280 هاووڵاتی ئێزیدی كوژران، زیاتر لە 2300 منداڵ بۆ دایك و باوك بوون، 70 شوێنی پیرۆزی ئایینی خاپوور كرا، هەروەها 6400 ئافرەتی ئێزیدیش رفێنران.