ئەمڕۆ مووچەی مانگی 10، بەشێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژماری من، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. زیاتر لە 191 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن.
سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، تیمی هەژماری من بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند “بۆ مووچەی مانگی 10، 191 هەزار و 300 مووچەخۆر مووچەکانیان لە ڕێگەی هەژماری من دابەش دەکرێت، مووچەکانیشیان ئەمڕۆ لە کاتژمێر 8ـی بەیانی بەدواوە دەچێتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان و مووچەخۆران بە کورتەنامەیەک ئاگادار دەکرێنەوە.”
ڕاشیدەگەیەنێت “سوودمەندبووان دەتوانن لە ڕێگەی زیاتر لە 300 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە 100 بنکە و شوێنی جیاواز مووچەکانیان ڕابکێشن.”
بە گوێرەی ئامارەکانی تیمەکە، بۆ مووچەی مانگی 10، 35 هەزار و 300 پێشمەرگە لەگەڵ 156 هەزار فەرمانبەرانی مەدەنی، مووچەکانیان لە ڕێگەی هەژماری من وەردەگرن.
تیمەکە، جەخت لە فراوانبوونی بەردەوامیی پرۆژەکە دەکاتەوە؛ بە گوێرەی تیمی هەژماری من، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 700 هەزار مووچەخۆر لە کۆی یەک ملیۆن سوودمەند، لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار کراون، هاوکات زیاتر لە 330 هەزار کارت دابەش کراونەتەوە.
لەبارەی بانکە بەشداربووەکان لە پرۆژەکەدا، تیمی هەژماری من ئاشکرای دەکات “بەم زووانە بانکی زیاتر دێنە نێو پڕۆژەی هەژماری من.” لە کاتێکدا ئێستا کۆی بانکە بەشدرابووەکانی پڕۆژەی هەژماری من دەگاتە هەشت بانک کە بریتین لە: بانکی جیهان، بانکی ئاڕتی، بانکی بەغداد، بانکی عێراقیی ئیسلامی، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI، بانکی BBAC، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی IDB.