سێشەممە, كانونی یه‌كه‌م 17, 2024

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووه‌وه‌

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/12/17 نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جه‌نه‌راڵ كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، کرد.

لە کۆبوونەوه‌يەکدا که‌ وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ی بوو، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنييان لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعشدا، جه‌ختيان له‌ پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگيی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتيدا، كرده‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى داكۆكى لەسەر گرنگيی بەردەوامبوونی پشتگیريی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی بۆ عێراق، ستایشی هەماهەنگيی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان کرد، هه‌روه‌ها هاوکاريی بەردەوامى نێوان هەموو لایەنەکانى به‌ کلیلی بەهێزکردنی ئاسایش لە عێراق، له‌قه‌ڵه‌مدا.

لاى خۆیەوە، ژەنەراڵ لێيهى، ستايشى ڕۆڵى هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژەتیرۆردا کرد و پابەنديی هێزەکانی هاوپەیمانانى بۆ بەردەواميی پشتگیری له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیری و نه‌هێشتنى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش.

داكۆكى له‌ بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژکردنی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئێستای ناوچەکە و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.