مامۆستا سەگڤان عەبدولخالق عومەر
پلانهكان، ڕۆڵى خێزان، مامۆستا وەك فاكتەرێكی سەرەكی دەتوانێت گۆڕانگارییەكی سەرتاسەری بەهۆی زانیاری و پسپۆڕیەكەی خۆیەوە بێنێتە دی لەناو ناوەندەكانی خوێندندا لەهەمان كاتیشدا دەتوانێـت تەكانێكی باش بە پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن بدات ئەوەیان دیوێكی گرنگەو گرنگە توێژی مامۆستا لەو ئاستە دابن بەخستنە گەڕی تواناكانیان داهاتوویەكی ڕۆشن بۆ گەلەكەمان بیننە دی بەڵام ئەوەی گرنگترە دایكان و باوكانن (خێزان) ئەركی سەرەكی پەروەردەكردنی ڕۆڵەكانیان دەكەوێـتە ئەستۆ زۆربەی لێكۆڵینەوەو توێژینەوەكانیش ئەوەیان دەرخستووە كە هیچ پەروەردەیەك وەكو یەكەمین پەروەردە نیە كە لەلایەن دایكان و باوكانیانەوە بە قوتابیان دەدرێت ئەوان بە پلەی یەكەم بەرپرسیارن لە ماهیەت وچۆنیەتی بواری پەروەردەی منداڵ بۆیە دەكرێ بڵێین توێژێكی چاڵاك و ژیرمان دەست ناكەوێ ئەگەرهاتو لەسەر بنەمایەكی ڕاست و پتەو ڕانەهێنران لەم پێودانگەشەوە دەردەكەوێت كە لایەنی پەروەردە ئێجگار گرنگترە لە بواری فێركردن، ئەو جۆرە پەروەردە كردنەش تایبەت نیە تەنها بەكاتی فەرمی دەوام بەڵكو بەردەوامە تاو ئەو كاتەی ئاستی هۆشیاری وڕاددەی ژیری قوتابیەكە دەگاتە لوتكە بۆیە گرنگە دایكان و باوكان پلان و بەڕنامەی گونجاو بو منداڵەكەیان دابنێن وابكەن خۆی بە شتی لاوەكی خەریك نەكات و ئەركە سەرەكیەكەی خۆی جێبەجێ بكان بەتایبەت لە كاتی ئەزموونەكاندا ئەوەی جێی ئاماژەیە لە سیستەمی نوێی پەروەردەدا ئەوەی بۆتە مایەی خۆشحاڵی زیاتر گرنگی بە هەڵسەنگاندن دراوە ئەوەش قوتابی بوێر دەكات وادەكات توانای دەربڕینی زیاتر بێت و بەرژەوەندی قوتابی و داهاتووی قوتابی تێدا ڕەچاو بكرێت گوشارى زیاتر بخرێته سهر قوتابى تا كهمتهرخهمى نهكات له خوێندنهكهى چونكه بهشێك له قوتابیان له كاتى تاقیكردنهوهكاندا وا ڕاهاتوون تهنانهت ئاماده نین پرسیارهكه بخوێننهوه، ڕاستهوخۆ وهڵامێك هەلدەبژێرن بەڵکو پێویستە بە مێشک بڕیار بدات و خوێندنەوەی تەواو بکات بۆ ئەو پرسیارانەی خراوەتە بەردەمی هەوڵی بەدەستهێنانی نمرەی تەواو بدات.
ئەوڕۆژانەی كە ئەزموونەكانی تێدا ئەنجام دەدرێت زێڕینین چەند ڕۆژێكە وەك هەڵسەنگاندێكی ئەو ساڵە وایە بۆ قوتابی چارەنووسی ماوەیەک لە هیلاکی و ئەنجامی ئەرك كێشانی قوتابی و دایكان و باوكان و توانای مامۆستایانی بەدیار دەخات بۆیە لەو ماوەیەدا دەبێت دایكان و باوكان چاودێریان بن وا بكەن قوتابیەكە بەرنامەیەكی گونجاوی هەبێـت و كاتەكانی خۆی بەفیڕۆ نەدات؛ قوتابییش دەبێـت بە وردی پێداچوونەوەیەكی زانستیانەی وشە بە وشە و سەرجەم ئەو بابەتانە بكات كە لە سەرەتای ساڵەوە خوێندوویەتی لە هەموو پسپۆڕیەكان بۆ ئەوەی بە ئاسانی و بێ كێشە تاقیكردنەوەكانی ئەنجام بدات و سەركەوتوو بێت؛ سەركەوتنی قوتابییش دەریدەخات كە ماندووبوونی مامۆستاكان و ڕەنجی خۆی و دایك و باوكیشی بەفیڕۆ نەچوو و لهوهیاندا خودی قوتابی سوودمەندی یەكەمە و دواجار مامۆستاكان ودایكان و باوكان و كۆمهڵگاش به گشتى سوودمهندى دووهمن.
چەند ئامۆژگاریەکی گرنگ بۆ قوتابیان
1. ڕەخساندنی ژینگەی ئارام لەناو ماڵ و خێزان لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا .
2. ڕاگرتنی سەردان و میوانداری .
3. ئامادەکاری دەروونی قوتابی بە بیرکردنەوە لە ئامانجە خوازراوەکان و، سەیرکردنی خاڵە بەهێزەکان (ئەو بابەتانەی تێیدا سەرکەوتوو دەبێت) و خاڵە لاوازەکان (ئەو بابەتانەی کە پێویستیان بە وردی و پاڵپشتی هەیە).
4. پلاندانان و ڕێکخستنی کات بە شێوەیەک دڵنیا بێت لە خوێندنی ڕۆژانە و ئەنجامدانی ئەرکەکان و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان.
5. ڕێکخستنی شوێنێکی دیاریکراو بۆ خوێندن و ئەنجامدانی ئەرکەکان و، هەڵگرتنی هەموو پێداویستیەکانی خوێندن بە قوتابخانە و کەرەستەی هونەری و ئەوانی ترەوە.
6. دڵنیایی لە خشتەی خوێندن و ڕێکخستنی خوێندن لەسەر بنەمای ئەو خشتەیە دەتوانرێت لە شوێنێکی گونجاودا لە ژوورەکەدا هەڵواسرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کتێب و ڕۆژانی چالاکییەکان لەبیر نەکرێن. (خشتەی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە)
7. پێش چوون بۆ قوتابخانە وانەکان بخوێنەرەوە و ئەو پرسیارانە ئامادە بکە کە دەتوانرێت لە مامۆستا بکرێت.
8. ڕێکخستنی خشتەی خوێندن لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ بۆ خوێندنی وانەکان بۆ دڵنیایی لە یەکگرتوویی زانیاریەکان، هەروەها چارەسەرکردنی هەندێک وەرەقەی خوێندن کە دەتوانرێت لە ماڵپەڕە پەروەردەییەکانی وەربگیرێت.
9. ئەنجامدانی ھەندێ چالاکیی وەرزشی لە ماوەی ھەفتەدا یان لە کۆتایی ھەفتەدا بۆ ورووژاندنی دەروون.
10. خواردنی خۆراکی تەندروست چونکە کاریگەری باشی هەیە لەسەر تەندروستی گشتی و سەرنج و تێگەیشتن.
11. خوێندنەوەی چیرۆک و گۆڤاری زانستی بۆ زیادکردنی ڕۆشنبیری و زانست و سودوەرگرتن لە زانیاریەکانیان.
12. قوتابیی ئازیز لە کاتی خوێندن بابەتەکان کورت و پوخت بکەرەوە بە شێوەی نەخشەی هزری یان نەخشەی زاراوەکان یان بەشتێک بیبەستەوە بە ژینگەی دەوروبەرت بۆ ئەوەی بە ئاسانی بەبیرت بێتەوە.