ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕشنگدارە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ حەفتا و نۆ ساڵ بەسەر هەڵکردنی یەکەم ئاڵای کوردستان لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستی پێشمەرگە تێدەپەرێت. ئەو ڕۆژە لای بەشێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە ڕۆژی پێشمەرگە ناسراوە و پازدە ساڵیشە لە لایەن پەرلەمانی کوردستان بە ڕۆژی ئاڵای کوردستان ناودێر کراوە و بۆیەش بە شکۆوە یادیان دەکرێتەوە.

بەپێی ڕۆژژمێری کوردی، دوێنێ دووشەممە ساڵوەگەڕی هەڵکردنی ئاڵا بوو، چونکە ئەمڕۆ ٢٧ی مانگی سەرماوەزە لەکاتێکدا ئاڵاکە لە ٢٦ی سەرماوەز هەڵکرا، هۆکارەکە بۆ ساڵی کەبیسە دەگەڕێتەوە و هەر چوار ساڵ جارێک یادەکە لە ڕۆژژمێری کوردی و زایینی ڕۆژێک جیاوازییان هەیە. هەر چۆنێک بێ لە هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک لە ١٧ی کانوونی یەکەم یادەکە دەکرێتەوە چونکە ساڵی ٢٠٠٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی بە ڕۆژی ئاڵا دەستنیشان کرد.
لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ ی زایینی کە ئەو کات هاوکات بوو لەگەڵ ٢٦ی مانگی سەرماوەز، دواین مانگی وەرزی پایز، بۆ یەکەم جار ئاڵای کوردستان لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سی و شەش ڕۆژ بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان هەڵکرا. لەم ڕۆژەدا کە لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد زیاتر لە دە هەزار کەس کۆ ببوونەوە، له‌ ڕێوڕه‌سمێکی به‌شکۆدا و بە به‌شداریی نوێنه‌رانی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵکرا.
گۆڤاری کوردستان له‌ ژماره‌ی سێیه‌می خۆیدا، کە لە ئاداری ١٩٤٦ لە ژێر سه‌ردێڕی “هه‌ڵکردنی ئاڵای موقه‌ده‌سی کوردستان له‌ مهاباد” چاپ کراوە نووسیویەتی “ڕۆژی ٢٦ ی سه‌رماوه‌ز، ١٧ی دیسامبری ١٩٤٥، ته‌واوی نوێنه‌ره‌کانی ئه‌هالی کوردستان له‌ شاری مەهاباد کۆبوونه‌وه‌. له‌ سه‌عات دەی به‌یانی له‌ کانگای حیزب ئاڵای کورد به‌ حوزوری ده‌ هه‌زار نه‌فه‌ر هه‌ڵگیرا و له‌ کاتیک دا ده‌سته‌ی موزیک مارشی میللی لێ ده‌دا و له‌ سه‌رتاسه‌ری شه‌قامی وه‌فاییدا سه‌فی نیزام که‌ لووله‌ی تفه‌نگ و موسه‌لسه‌ل وسه‌رنیزه‌یان ده‌دره‌وشا، ده‌سته‌ی لاوان و قوتابیانی مه‌کته‌ب، کچ و کور، له‌ لای راستی ئاڵا له‌ حه‌ره‌که‌ت دابوون گه‌وره‌ و بچوکی مەهاباد، هه‌یئه‌ت و نوێنه‌رانی حیزبی دیموکرات له‌ پشت سه‌ری ئاڵا سه‌ری ته‌عزیمیان بو دانه‌واندبوو، بۆ ئیحتیرام چه‌پڵه‌یان لی ده‌دا و هورایان ده‌کیشا، پیشه‌وای کۆمارەکە قازی محەمەد وتارێکی به‌تینی له‌ بابه‌ت ئاڵای موقه‌ده‌سی کوردستان ئیرادە فه‌رموو. ئه‌وجار له‌ پاش نوتق و خیتابه‌ و تیرهاویشتنیکی زور و به‌جێهێنانی مه‌راسیم و نه‌سبی ئاڵا له‌ سه‌ر عه‌ماره‌تی هه‌یئه‌تی ره‌ئیسه‌ی میللی جێژن‌ دوایی هات….”
ئەو ڕووداوە لە دواین ساڵی جەنگی دووەمی جیهانی ڕوویدا کاتێک لە ژێر کاریگەریی هێزەکانی ڕووسیا و بەریتانیا و داگیرکرانی بەشێک لە خاکی ئێران لە لایەن ئەو دوو وڵاتە، حکوومەتی ئەوکاتی پاشایەتی ئێران بە تەواوی لاواز ببوو. دوو ڕۆژ بەر لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، خەڵکی کوردستان ئاڵای ڕژێمی پاشایەتی ئێرانیان لە بارەگاکانی حکوومەتی ئەوکات لە مەهاباد هێنابووە خوارەوە.
ئەمڕۆ دامەزراوە حکومی و ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و قوتابخانەکان و ناوەندە جیاوازەکان بە پەیام و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژە مەزنە دەکەنەوە. لە زۆربەی قوتابخانەکانی کوردستان قوتابییان و مامۆستایان بە لەبەرکردنی جلی کوردی و جلی پێشمەرگە دەوام دەکەن و بە سروود و شانۆ و چالاکیی جۆراوجۆر نەوەی نوێ لە گەورەیی و شکۆی ئەو ڕۆژە ئاگادار دەکەنەوە و ئەوە بیری قوتابییان دەهێنرێتەوە ئەو ئاڵایەی لە سەر قوتابخانەکان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەشەکێتەوە، هەر وا لە خۆوە هەڵنەدراوە و بەرهەمی قوربانی و ماندووبوونی دەیان ساڵە و شەهیدبوونی سەدان هەزار کەسە.
پێویستە بگوترێ هێزی پێشمەرگە بە گرنگترین هیز هەژمار دەکرێت کە ئاڵاهەڵگڕی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بووە و ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان ئاوێتەی یەکتر بوون. ئاڵای کوردستان بووەتە چقڵی چاوی دوژمنان و بۆیەش ڕێزگرتن لێی و بە شەکاوە هێشتنەوەی ئەو ئاڵایە بە واتای زیندووهێشتنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لێک دەدرێتەوە.
ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک دوو دەستکەوت و میراتی کۆمارە مەزنەکەی کوردستان، لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و تێڕوانینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا وەک دووانەی لێکدانەبڕاو و بەشێک لە جەوهەری خەباتی شوناسخوازی و ئازادیخوازی ڕێزیان لێ دەگیرێت.
ئەمساڵ لەکاتێکدا ڕێز لەو ڕۆژە دەگیرێت و یادی دەکرێتەوە کە ڕژێمێکی تری دیکتاتۆری زاڵ بەسەر کوردستان ڕووخاوە و تروسکەی هیوایەکی نوێ لەنێو دڵی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتووەتە کایەوە، تاکە شتێک کە ئەو هیوایە بەدی دەهێنێت هەمان ئەو ڕۆحی بەرخودان و بەرگرییەیە کە بەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان هەبوو و پێویستە هەموو هێز و کەساسیەتی و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەیەکەوە دەست بۆ ئاڵای ڕزگاری بەرن.