بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سیمکارتەکانی خۆیان بە بەشێک لە ناسنامەکانی خۆیان هەژمار بکەن، بۆ هەر سیمکارتێکی تۆمار نەکراو ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.
دووشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “کاتێک هێزە ئەمنییەکان دەیانەوێت بگەنە تاوانبارێک، دەبینن سیمکارتەکەی فرۆشراوە، لەبەر ئەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سیمکارتەکانی خۆیان بە بەشێک لە ناسنامەکانی خۆیان هەژمار بکەن، هیچ سیمکارتێکی تۆمارکراو بە ناوی خۆیان لە بازاڕ نەفرۆشن، هەتا بەناوی کڕیار تۆماری دەکەن.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: “ئەو دووکاندارانەی کاری موبایل فرۆشتن دەکەن، لە تەنیشت کارەکەیان کاری کڕین و فرۆشتنی سیمکارتیش دەکەن، ئەگەر بریکار و تۆمارکراو نەبن، داوایان لێ دەکەین واز لە کاری سیمکارت کڕین و فرۆشتن بێنن، چونکە ڕەنگە قازانجەکەی چەند هەزارێک بێت، بەڵام بە گوێرەی ڕێنماییەکانی ئێمە، هەر کەسێک سیمکارتی تۆمارکراو بەناوی کەسێکی دیکەوە بفرۆشێت بە بڕی سێ ملیۆن دینار سزا دەکرێت.”
هێمن میرانی، ڕاشیگەیاند “لە ڕابردوودا جۆرێک لە هۆشیاری دراوە و هەڵمەتیش کراوە، بەڵام بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارە سەربەخۆکان، لە ئەمڕۆ بەدواوە هەڵمەتی بەسەرکردنەوەی ئەو دوکانانەی کە موبایل و سیمکارت لە بازاڕ دەفرۆشن، دەست پێ دەکەن بۆ دەست بەسەرداگرتنی سیمکارتی تۆمارنەکراو.”