لە هەولێر …. وۆرکشۆپێک لە بارەى گەڕانەوەی نیشتمانی سازکرا

ئەمڕۆ دووشەممە 2024.12.16، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، “دەزگای روانگە” بەهەماهەنگى ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر، وۆرکشۆپێکى لە بارەى گەڕانەوەی نیشتمانی سازکرد.

لە وۆرکشۆپەکەدا کە ناز جەلال بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و رێکخراوە ناحکومییەکان و پسپۆڕ و شارەزایان و مامۆستیانى زانکۆ ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا دەستخۆشى لە دەزگاى ڕوانگە وناوەندى قەیرانەکان کرد بۆ ڕێکخستنى ئەو وۆرکشۆپە.

هەروەها تیشکى خستەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێندرێنەوە باوەشى نیشتیمان و تۆمارکردنیان لە سیستەمی گەڕانەوەی نیشتمانی و کەمکردنەوەى کار و کۆسپەکان و پێشنیارکردنی شێوازی پراکتیکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەرلەوتارەکەیدا، پشتیوانیکردنی گەڕاوەکانیشى لەسەر چۆنیەتی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و هاندانیان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن، تاوەکو زوو تێکەڵ بە کۆمەڵگا ببنەوە بە زەرورەت زانى.