كاركردن لە پرۆژە گەورەكەی ئاوی ئاكرێ و دەوروبەری بەردەوامە

پرۆژەی ئاوی ئاكرێ، یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سێكتەری ئاوی خواردنەوە و گرفتی كەمئاوی بۆ دانیشتووانی شاری ئاكرێ و زیاتر لە 20گوند و كۆمەڵگەی دەوروبەری چارەسەر دەكات.

پرۆژەی ئاوی ئاكرێ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتيی ئاو و ئاوەڕۆوە سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكرێت.

جێگەی باسە، ڕۆژی دووشەممە 4ى ئه‌يلوولى 2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون و بەدواداچوونی هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوە و كاركردن لە پرۆژەكەدا، سەردانی شاری ئاکرێی کرد و پرۆژەکەی بەسەرکردەوە و ئاماژەی بەوە كرد: پرۆژەی ئاوی ئاکرێ یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژی و گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بەدواداچوون بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە دەکات.

ئێستاش كاركردن لە پرۆژەكە بە باشی بەڕێوە دەچێت، بە تایبەت هێڵەکانی گواستنەوەی سەرەکی و ناو شاری ئاکرێ و بەپێی زانیارییەكانی ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زیاتر لە %54ی كارەكانی تەواو بووە.

گوژمەی پرۆژەكەش زیاتر 109ملیار دینارە، هەروەها لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی 3 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە. شاری ئاكرێ و نزیكەی20 گوند و كۆمەڵگه‌کانی دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن.