پرۆژەی ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ لە پرۆژە بەردەوامەکانی حکوومەتن

 

چواس خالید – هەولێر

 

به‌ گوژمه‌ی نزیك به‌ دوو ملیار دینار پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ قه‌ره‌بووی گرد جوتیار جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌ گوژمه‌ی ٤٣٠ ملیۆن دینار پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ مێرگه‌سۆر جێبه‌جێ ده‌كرێت، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار، ڕه‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی و له‌مڕووه‌وه‌، به‌ گوژمه‌ی نزیك به‌ دوو ملیار دیناری عێراقی پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ قه‌ره‌بووی گرد جوتیار جێبه‌جێ ده‌كرێت.
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی لێدانی بیری ئاو و تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ و كاره‌با، له‌ قه‌ره‌بووی گرد جوتیار له‌ ناوچه‌ی په‌ره‌پێدان له‌ شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
تێچووی پڕۆژه‌كه‌ ملیارێك و حه‌وت سه‌د و په‌نجاو سێ ملیۆن و سێ سه‌د و چل و هه‌شت هه‌زار دیناری عێراقییه‌، كه‌ له‌ ناوچه‌ی په‌ره‌پێدانی نزیك گوندی پیرڕه‌ش له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی هه‌ولێره‌. پڕۆژه‌كه‌ پێك دێت له‌ دانانی تۆڕی ئاو و دروستكردنی عه‌مباری ئاو و ژووری بوسته‌ر كاری میكانیك و كاره‌با بۆ قه‌ره‌بووی گرد جوتیار. له‌ پێناو خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی نزیكه‌ی ٤٣٠ ملیۆن دیناری عێراقی، پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ مێرگه‌سۆر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌سه‌ر بودجه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی سۆران، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی دانانی قاڵبی كربستۆن و بیهارتۆن و بۆڕی ئاوه‌ڕۆ و قیرتاوكردنی گه‌ره‌كه‌كانی سنووری شاره‌وانی مێرگه‌سۆر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
گوژمه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌، كه‌ سودی زۆر به‌ دانیشتوانی ئه‌و سنووره‌ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ گوژمه‌ی چوار سه‌د و بیست و نۆ ملیۆن و هه‌شت سه‌د و نه‌وه‌ت و هه‌شت هه‌زار دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
جیا له‌وانه‌ و له‌ چه‌ند فه‌رمانیێكی وه‌زاریدا، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاوی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری.
ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌ سنووری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری جێبه‌جێ ده‌كرێت پێك دێن له‌، پڕۆژه‌ی ڕاكێشانی بۆڕیی ئاو بۆ چه‌ند كۆڵانێكك له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌ڵه‌كن ١١١، له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانی، پڕۆژه‌ی چاكسازیی باراناوی سه‌ر شه‌قام له‌ ماوه‌ت، چاككردنی شه‌قام له‌ناو بازاڕ و له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی فه‌رمانبه‌ران و ئاشتی له‌ سنووری شاره‌وانی بازیان.
هاوكات دابینكردنی قفڵی دكتایل بۆ گه‌نجینه‌ی ئاوی فه‌رمانگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی ده‌وروبه‌ری سلێمانی، دابینكردنی تایه‌ بۆ تانكه‌ری ئاوی سلێمانی له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی شاره‌كه‌، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی گواستنه‌وه‌ی بۆڕیی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ به‌كره‌جۆ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تانكی ئاو له‌ ناحیه‌ی خدران له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی ده‌وروبه‌ری سلێمانی، دابنكردنی بۆڕی بۆ گه‌نجینه‌ی قه‌ده‌م خێر له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانی، چاككردنی كۆڵانه‌كانی ته‌یناڵی كۆن به‌ كۆنكرێت، كۆنكرێتكردنی كۆڵانه‌كانی گوندی سیته‌ك.
له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی، له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات به‌بێ جیاوازی له‌كاتێكدایه‌، ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ به‌ بیانووی جۆراوجۆر به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.