سلێمان تاشان – ههولێر
هەڵبەز و دابەزینی بەهای لیرە و تمەن بازاڕی دراوەکان لە هەرێمی کوردستانی گەرم کردووە و زۆریی داخوازیی وایکردووە بەهای دراوی سووریا لە بەهای ڕاستەقینەی خۆی زۆر بترازێت و مەترسی ئەوە لە ئارادایە ژمارەیەکی زۆری کاسبکار لەو بازاڕەدا زیانیان بەرکەوێت.
رووخانی ڕژێمی سووریا کاریگەریی خستووەتە سەر بازاڕی دراوەکان، دراوی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە لە کاتێکدا دراوی سووریا بەهاکەی بەرزبووەتەوە. سەیر لەوەدایە بەهای دراوی لیرەی سووریا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
لیرەی سووریا یەکێک لەو جۆرە دراوانە بووە کە لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتە بە خێرایی ڕووی لە دابەزین کرد، سزا نێودەوڵەتییەکان لە لایەک و جۆرێک داخراویی و پێوەندیی ساردی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا هێندەی تر کاریگەریی خراپی خستە سەر دۆخی ئابووری و دراوی فەرمیی وڵاتەکە. ڕێژەی هەژاری لەم وڵاتە زۆر بەرزبووەوە و نەهامەتی و برسێتی و ئاوارەیی و هەژاری تەنگی بە خەڵکەکەی هەڵچنی.
دۆخی ئابووریی سووریا لە دوای هەشتی مانگی کانوونی یەکەمەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بەهای دراوی وڵاتەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و ئێستا هەر یەک ملیۆن لیرەی وڵاتەکە لە ناوخۆ بە سەد دۆلار ئاڵوگۆڕ دەکرێت کە بە دیناری عێراقی دەکاتە سەد و پەنجا هەزار دینار لە کاتێکدا بەر لە ڕووخانی دیمەشق بە نەوەد و پێنج هەزار دینار دەفرۆشرا.
سەیر لەوەدایە بەهای دراوەکە لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر بەرز بووەتەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە سلێمانی و هەولێر خەڵکێکی زۆر ڕووی لە کڕینی دراوەکە کرد بەو هیوایەی نرخی زیاتر بەرز ببێتەوە و قازانج بکات.
شێرکۆ محەمەد خاوەن نووسینگەیەکی دراو لە سلێمانی بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند بەرزبوونەوەی داواکاری بەرانبەر خستنەڕوو بووەتە هۆکاری ئەوەی بەهای هەر یەک ملیۆن لیرەی سووری بۆ شەش ملیۆن دینار بەرز ببێتەوە کە نرخێکی ڕاستەقینە نییە و تەنیا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو نرخەی و لەگەڵ بەهای ڕاستەقینەی دراوەکە لە ناوخۆی سووریا جیاوازییەکی زۆری هەیە و بۆیەش ئەو مەترسییە لەئارادایە هەموو ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان لیرەیان کڕیوە لەپڕ زیانێکی زۆریان بەرکەوێت.
هێشتا دیار نییە حکوومەتی داهاتووی سووریا خاوەنی چ سیستمێکی سیاسی و ئابووری دەبێت چ گۆڕانکارییەک بەسەر دراوی فەرمیی وڵاتەکەدا دێت و تەنانەت ئەگەر بڕیاری گۆڕینی دراوەکەیش بدرێت چ بەهایەک بە دراوی نوێ و کۆن دەدرێت. لە لایەکی ترەوە هیچ پێوەندییەکی فەرمی ئابووریی لە نێوان سووریا عێراق و هەرێمی کوردستاندا نییە و سنوورەکان بەستراون و هێڵی ئاسمانیش لە هەشتی مانگەوە داخراوە و دراوی سووری ئەگەر نەتوانێت کاڵای پێ بکڕیت یا گەشتی وڵاتەکەی پێ نەکەیت، کەڵەکەبوونی دراوەکە لە کوردستان زیان بە ئابووری هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
بەپێچەوانەی لیرەی سووریا لە بازاڕەکانی دراو بەهای تمەنی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و نزمترین بەهای لە مێژوودا بەرانبەر دینار و دۆلار هەیە و سەد دۆلار گەیشتووەتە حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار تمەن لەکاتێکدا هەمووی دوو مانگ لەمەوبەر لە خوارووی شەش ملیۆن و هەشتسەد هەزار تمەن بوو و تەنیا لەوەتەی ڕووخانی بەشار ئەسەدەوەوە، چوارسەد هەزار تمەنی تری هاتووەتە سەر.
لە بازاڕی دراوەکانی هەولێر و سلێمانی بازاڕی لیرە زۆر خۆشە بەڵام خەڵک کەمتر دەوێرێت خۆ لە کڕینی تمەن بدات چونکە بەهاکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوی لە لێژییە و دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران و گرژیی پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا هۆکارگەلێکن کاریگەریی نەرێنییان خستووەتە سەر بەهای دراوی وڵاتەکە.
ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری کاسبکاری بازاڕی دراو زیانیان بەرکەوت کە بڕێکی زۆر تمەنی ئێرانییان کڕیبوو و ناچار بە زیان فرۆشتیانەوە و داوا دەکرێ خەڵک هەر بە دینار یان دۆلار سەرمایەکانیان بپارێزن و لە کڕینی دراوێک کە ئاسۆیەکەی ڕوون نییە دوور بکەونەوە.