ساڵانێکە جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک ڕووبەڕووی زوڵم و دەستدرێژییەکانی سوپای عێراق دەبنەوە و سەرباری ئەوەی هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانیان هەیە لێ ناگەڕێن لەوەی بە دەستی جووتیارانی کوردیشەوە ماوە کاری تێدا بکەن.
گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕینی جووتیارانی کورد بەردەوامە و ئەگەرچی بابەتەکەیان براوەتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی چەند لایەنێکی دژبەر و شۆڤێنی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی زەوییەکانی کەرکووکەوە دەرنەچووە و یەکێک لە جووتیاران کە دوێنێ بەشداربوو لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی جووتیارانی سنووری سەرگەڕان، ئەوەی ڕاگەیاندووە: سوپای عێراقی لەم ناوچە ناهێڵێت جووتیارانی کورد ئیشوکار یا کشتوکاڵ بکەن، هیچ گوێ بە یاسا نادەن، چەندان نووسراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیران و قایمقام و پارێزگامان هێناوە نیشانمان داون، بەڵام ئەوان گوێ بە هیچ یەک لەو نووسراوە فەرمییانە نادەن.”
هەر بەپێی زانیارییە هەواڵییەکان، بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوودا دوای هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەوییەکانیان جووتیارانی کورد هەڵوێستیان نواند و دژی تەعریب کردنی زەوییەکان وەستانەوە، بە بڕیاری دادگای داقوق لەسەر سکاڵای فائیز مەحموود کە عەرەبێکی هاوردەیە هەر یەک لە (سامان نەوزاد و خالد نەوزاد کە بران، لەگەڵ محەممەد نەجات) هەریەکێکان بە دوو ساڵ زیندانی سزا دران .
بەپێی وتەی کەسوکاری ئەو جووتیارە کوردە هۆکاری بڕیارەکەی دادگا دەمەقاڵێ و پەلاماردانەوەیە.
نیگەرانی کەسوکاری ئەو جووتیارە کوردانە بەهۆی ئەوەوەیە کە دادگا لەوەشدا بێلایەن نەبووە، چونکە ماددەکە پەیوەستە بە شەڕو دەمەقاڵێ، سزاکەشی ماددی یان شەش مانگ زیندانییە، نەک دوو ساڵ زیندانی، هەر بۆیە ئەوەی دادوەرەکە کردوویەتی لایەنگیریی تەواوی پێوە دیارە و لەبەرژەوەندیی عەرەبی هاوردەیە.