ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار: پێشبینی دەکەین بۆ سەری ساڵ ٢٠٠ هەزار گەشتیار بێنە کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی گەشتیاران ئەوانەی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن زیاتر دەبن. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، دەڵێت: بۆ ساڵی نوێ پێشبینی دەکەین زیاتر لە دوو سەد ھەزار گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن. دەشڵێ: ٧٠٠ کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیار دێنن، تۆپۆگرافیای ھەرێمی کوردستان بەجۆرێکە زۆر گونجاوە بۆ گەشتوگوزاری زستانە بۆ ئەمساڵ لە چەند ناوچەیەکی جیاجیا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە بەفر دەبارێت، ئەوەش ھاندەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر ڕوو لە ھەرێم بکەن.

کارئاسانی بۆ هاتنی گەشتیاران
بەھۆی کار ئاسانی بۆ گەشتیاران ڕۆژبەڕۆژ ھاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتییارییەکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە لە ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکان بۆ بنیاتنانی ژێرخانی کەرتی گەشتیاریی زستانە دەستی پێ کردووە، کەرتی تایبەت و پڕۆژەی گەشتیاری تایبەت بە زستان، بوونەتە ھۆی ئەوەی سەدان کۆمپانیای گەشتیاری گرێبەستی ھێنانی گەشتیار لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار بکەن.
کوردستان زۆر لە بنەماکانی گەشتیاری تێدایە و خاوەن دیمەنی سەرنج ڕاکێشە، ھەر ئەوەش وای کردووە ببێتە جێگەی تێڕوانیی گەشتیاران، دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری وا دەکات کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن، چەند ساڵێکە کەرتی گەشتیاری لە وەرزی زستاندا لە ھەرێمی کوردستان گەشەی کردووە، کە پێشتر تەنھا لە وەرزی ھاوین گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ بارینی بەفر گەشتیاران ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن.

ناوچە گەشتیارییەکان
ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران ٣٠% ناوچەی گەشتیاری ھەموو عێراق و ٨٠% ی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ھەولێر پێک دێنن، ئەوەش وای کردووە کە حکوومەت و کەرتی تایبەت گرنگی بە گەشتوگوزاری ناوچەکە بدەن، لە وەرزی زستان زیاتر لە ١٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت لەم وەرزەدا ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران ڕوو لە ناوچەکە بکەن.
لەگەڵ بارینی بەفر ڕۆژانە بە سەدان گەشتیاری زستانە ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ڕۆژبەڕۆژیش ڕێژەکە ڕوو لە زیادبوونە، ھاتنی وەرزی زستان گەشتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق ناچار کردووە سەردانی سۆران و چیای کۆڕەک بکەن بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش، لە ڕێگەی تەلەفریکەوە گەشتیاران دەگوازرێنەوە سەرچیا و نێو بەفر، بە یارییەکانیان کەشە ساردەکەی سەر چیا گەرم دەکەنەوە.
چیای کۆڕەک یەکێکە لەو شوێنە گەشتیارانەی،‌ بەفر وەک سەرەکیترین ھۆکاری کێشکردنی گەشتیارانە و لەگەڵ بارینی بەفر پڕ دەبێت لە گەشتیاران، لەو چەند ڕۆژەدا بە ھەزاران گەشتیار سەردانی چیای کۆڕەکیان کردووە و پێشبینی ھاتنی ژمارەیەکی زیاتری گەشتیاران دەکرێت بەراورد بە ‌ساڵی ڕابردوو.

گەشتیاران لە کوردستان هەست بە ئاسودەیی دەکەن
زەھرا محەممەد، لە ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ گەشت و خۆشی ھاتۆتە ھەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کوردستان زۆر خۆشە و ھەر چوار وەرزی ساڵ ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەم، ئەم جارە ڕوومان لە چیای کۆڕەک کردووە لەسەر چیا بەفر کەوتووە و جەوێکی خۆش ھەیە، لەو ماوەی کە لێرە بووینە لەگەڵ ھاوڕێکانم کاتێکی خۆشمان بەسەر بردووە، ھیوادارم کوردستان ھەروا خۆش و ئاوەدان بێت.
عەبدوڵڵا مەحموود، گەشتیارێکی دیکەیە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: چیای کۆڕەک شوێنێکی جوان و دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشی ھەیە، بەفر دیمەنێکی زۆر جوانی بە ناوچەکە بەخشیوە، ئەوەی لە ھەمووی جوانتر ئەو مامەڵە باشەی خەڵکی کوردستانە لەگەڵ گەشتیاران.
یونس عەلاوی، گەشتیارێکی عەرەبە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” دەڵێ: لە خوارووی عێراقەوە ھاتووین، ڕەوشی عێراق زۆر خراپە و ڕۆژبەڕۆژیش خراپتر دەبێت، ھاتووین بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خۆشی خۆمان دەرببڕین، لێرە کاتەکانمان بە یاری تۆپەڵە بەفر، وێنەگرتن و ھەڵپەڕکی بەڕێ کرد.

ئامادەکارییەکان
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی پێشوازی کردن لەو گەشتیارانەی کە بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن دەستمان بە ئامادەکاریەکان کردووە، ئامادەکاریەکانیش لەسەر دوو ئاستە، یەکەمیان کەرتی گشتییە، واتە ھەماھەنگی دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار، بەتایبەتی ئاسایشی بازگەکان کە زۆر ھاوکارن لەگەڵ ئێمە و لە ماوەیەکی کەمدا گەشتیار دێتە ناو ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆمان چەندین لیژنەمان پێکھێناوە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران بکەین، لە ھەمان کاتدا ڕێبەڕ و ڕێنمای بەسەر گەشتیاران دابەش دەکەین، لەگەڵ ئەوەی چاودێری شوێنە گەشتیارییەکان دەکەین و لێ ناگەڕێین کەس یاری بە نرخی کەلوپەل بکات، لە ھەمان کاتدا لەگەڵ کەرتی تایبەت دەستمان بە ئامادەکاری کردووە بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران کە لە زۆربەی ئەو شوێنانە بۆ پێشوای کردن لە ساڵی نوێ ئاھەنگ بەڕێوەدەچێت.

ژمارەی گەشتیارانی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە
وتەبێژ دەستەی گەشتوگوزار، دەشڵێ: ساڵ لە دوای ساڵ بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ ژمارەی گەشتیاران ئەوانەی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن زیاتر دەبن، بۆ ساڵی نوێ پێشبینی دەکەین زیاتر لە دوو سەد ھەزار گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، ڕێژەی گەشتیاران ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر بەرزبووەتەوە ئەوەش بەھۆی ئاسانکاری لە بازگەکان کە کارئاسانیەکی زۆر لەلایەن بازگەکانەوە بۆ گەشتیاران دەکرێت، ھەروەھا ھەبوونی ئەو ھەموو کۆمپانیا گەشتیارییە کە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٧٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن، کە بەردەوام گەشتیار دێنن بۆ ھەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکەین لە ساڵی نوێ ژمارەی گەشتیاران زۆر بەرزتر ببێتەوە.

کۆمەڵێک پرۆژەی گەشتیاری لە پلاندان
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوەشکردەوە: کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشتیاری لە پلان دانراون و جێبەجێ دەکرێن، ئەوانەش دەتوانن تەکانێکی باشتر بە بواری گەشتیاری بدەن، سەبارەت بە گەشتوگوزاری زستانە خۆشبەختانە تۆپۆگرافیای ھەرێمی کوردستان بەجۆرێکە کە زۆر گونجاوە بۆ گەشتوگوزاری زستانە چەند ساڵێکە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی وەکو گەشتیاری زستانە بەتایبەتی لە کاتی بارینی بەفر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن زیاد دەبێت، بۆ ئەمساڵیش لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان لە پلاندایە چالاکی ئەنجام بدەین بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە بەفر دەبارێت، بۆ نموونە لە چیای کۆڕەک فیستیڤاڵی بەفر ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بە بەشداری گرووپی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، چەند چالاکییەکی سەرکێشی ئەنجام دەدرێت وەکو خلیسکانی سەر بەفر و پاڕاماتۆر، ھەروەھا لە چیای حەسەن بەگ پێشبڕکێی ماتۆڕسواری سەر بەفر دەکرێت، لە پێنجوین لە بەرنامەدایە، لە دھۆک چەندین چالاکی جۆراوجۆر دەکرێن، ئەوەش بۆ ئەوەیە زیاتر سەرنجی گەشتیاران لە وەرزی زستانیش بۆ ھەرێمی کوردستان ڕابکێشین.