پەروەردەی مێرگەسۆر پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ قوتابخانەکانی سنوورەکەی کردەوە

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە مەبەستی خستنەڕووی بەھرە و توانای قوتابییانی قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەروەردەیی، حکوومی و حزبی لە قوتابخانەی دواناوەندی بناڤی کچان بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ قوتابخانەکانی سنوورەکەی خۆی کردەوە کە ٣٥ قوتابخانە بە ٣ وێنەی جیاواز بەشداربوون.

پێشانگەکە چەندین وێنەی جیاوازی لە خۆ گرتبوو، سەرجەم وێنەکان گوزارشتیان لە ئاست بەرزی قوتابییەکان دەکردەوە کە چۆن توانیویانە بە کەمترین ماوە وێنەکان بکێشن و بەشداری لە پێشانگەکە بکەن.
وەکو بەرنامەی ساڵانەی خۆی چالاکی قوتابخانەکانی پەروەردەی مێرگەسۆر ھەموو ساڵێک پێشانگەی شێوەکاری دەکاتەوە، ئەمساڵیش پێشانگەکە بەشێوەیەکی فراوان کرایەوە و بڕیار وایە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت و قوتابییان و مامۆستایان لە نزیکەوە سەردانی بکەن و دواتر جوانترین سێ بەخشنامە دەستنیشان بکرێن و خەڵات بکرێن.
مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ساڵانە بەشی چالاکی قوتابخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر ئامادەسازی بۆ چەندین پێشانگە، فیستیڤاڵ و چالاکی بۆ قوتابخانەکان دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکە کە ساڵانە دادەڕێژرێت، کاتی بۆ دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی حەز و ئارەزوو و تواناکانی قوتابییان بخەینە بەرچاو و گرنگی پێ بدەین، بۆ ئەوەی توانای قوتابییان زیاتر ببێت و بتوانین ئەو بەھرەی کەوا ھەیانە لەڕووی وێنەکێشان و چالاکی دەستکرد گرنگی پێ بدەین، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پیشانگە و بۆنەی جۆراوجۆر بۆ ڕێکدەخەین.