ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
لە ئۆفیسە تایبەتەكەی خۆی لە شاری هەولێر دانیشتبوو، جارجارە سەیری وێنەی پشتەوەی خۆی دەكرد كە لە دواوەی خۆی هەڵواسرابوو، دەیگوت هەرچەندە خاوەنی ئەو وێنەیە لە ژیاندا نەماوە، بەڵام ئێستاش سایە و سێبەری بەسەرمانەوەیە و ناوەكەی بۆ ئێمە و بۆ دەشتی دزەییایەتی و شاری هەولێر هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئەمە قسەی (ئەحمەد شێركۆ)یە كە نەوەی كەسایەتیی گەورەی شاری هەولێر (حوسێنی مەلا)یە.
حوسێنی مەلا یەكێك بووە لە كەسایەتییە دیارەكانی عەشیرەتی دزەیی، كوڕی حاجی مەلای كوڕی حەوێزی كوڕی حەسەن ئاغای كوڕی مەحمود ئاغای كوڕی قەرەنی ئاغایە، ئەو كەسایەتییە ناوێكی دیارە لە دەشتی دزەییایەتی و شاری هەولێر، نزیكەی 100 ساڵ لەمەوبەر شەڕی كوردبوونی لەسەر قەزای مەخموور كردووە و بە هۆی چاونەترسیشەوە ژمارەیەكی ئەركی ئەمنی پێدراوە،
(ئەحمەد شێركۆ) كە نەوەی ئەو كەسایەتییەیە لە دیمانەكیدا لەگەڵ (هەولێر) دەڵێ: باپیرەگەورەمان (حوسێنی مەلا) لە سالی 1870 لە گوندی باقرتە لە دایكبووە و سەرپەرشتی ئیش وكاروباری كشتوكاڵی كردووە. لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی تاوەكو هاتنی سوپای بەڕیتانی ئەو كەسایەتییە ئەركی پاراستنی ئەمنیەتی پارێزگای هەولێری پێ سپێردراوە، لە ساڵی (1924 ) نوێنەرایەتی لیوای ئەربیل كردووە لە ئەنجومەنی دامەزراوی عیراقی، یەكێكبووە لەو بەرهەڵەستكارانەی سەردەمی خۆی كە ڕازی نەبووە كەسێكی بەدەر لە عێراقی ببێتە پاشای عێراق .
لەسەر مێزەكەی(ئەحمەد شێركۆ) هەندێك پەرتووكی مێژوویی هەبوون، كە باسیان لە ڕابردووی بنەماڵەكەیان دەكرد، قسەی لە مێژووی بنەماڵەكەیان دەکرد بۆ من و، بۆ پشتڕاستكردنەوەی هەندێك لە زانیارییەكانیشی تەلەفۆنێكی بۆ مامەكەی خۆی كرد و هەندێك زانیاریی لێ وەرگرت كە تەواو بوو سەیرێكی منی كرد و گوتی: بۆ گێرانەی ڕاستییە مێژووییەكان بەردەوام ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی دەوروبەرم دەكەم، چونكە گێڕانەی بابەتێكی مێژوویی بە دروستی ئەمانەتە و ڕەوشتە و گەورەییە ئەحمەد دەڵێ: نزیكەی 100 ساڵ پێش ئێستا باپیرە گەورەمان لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتێكی شەمەر لەسەر كوردبوونی قەزای مەخموور شەڕی كردووە و، لە شەڕەکەیشدا توانیویەتی سەر بكەوێ و ڕای خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەر بسەپێنێت و پێیانی بسەلمێنێت كە قەزاری مەخموور سەر بە خاكی كوردستانە.
(حوسێنی مەلا) پێش ئەوەی پاشا بۆ عێراق دابنرێت ئەندامی مەجلیسی سیادە بووە لە عێراق و ئەو مەجلیسە هەشت كەسی كوردی تێدا بووە یەكێك لەوانە ئەو بووە، یەكێك لە كارەكانی ئەو مەجلیسە دانانی پاشای عێراق بووە، بۆیە دەكرێت بگوترێت كە ئەو كەسایەتییە هەولێرییە ڕۆلی هەبووە لە دانانی پاشا لە عێراق، دواتریش لە خولەكانی (شەشەم) و (نۆیەم) بۆتە نوێنەر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەمە بەشێكی دیكەبوون لە قسەكانی (ئەحمەد شێركۆ).
ئەحمەد لە گفتۆگۆدا بوو لەگەڵ من لە پڕ هەواڵێك لەسەر تەلەفزیۆن پەخش كرا كە قوتابخانەیەكی نمونەییی لە شاری هەولێر كرایەوە، ئەحمەد گوتی سودفەیەكی خۆش بووە چونكە خەریك بوون لە تەواوكاری قسەكانم باسی بابەتێكی دیكە بكەم كە بریتییە لەوەی ئەو (حوسێنی مەلا) هەرچەندە خوێندەواریی باش نەبووە بەڵام هەوڵی داوە لە ڕێگەی كردنەوەی قوتابخانەوە خەڵكی دەڤەرەكەی وشیار بكاتەوە و خوێندەواریان بكات؛ هەربۆیە توانیی لە دوای قوتابخانەی ئەربیلی ئۆلا دووەمین قوتابخانە لە ساڵی 1933 لە گوندی قازیخانە بكاتەوە.
ئەو كەسایەتییە لە سالی ١٩٥٨ كۆچی دوایی كردووە لە گوندی قازیخانە نێژراوە.