ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.12.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، بەئامادەبوونى غەفوور ئەحمەد مەلاسوار، قائیمقامی قەزایی مێرگەسۆر، پێشوازى لە یونس ئیمرا، قائیمقامی قەزایی شەمزینان و عمر فارووق، قائیمقامی قەزایی دەرەجیک و فەهری شاکار، سەرۆکی شارەوانی شەمزینان و چایان چیچەک، سەرۆکى شارەوانى بیو چفلیک (گەڤەر) کرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بە گەرمى بەخێرهێنانیان، جەختى لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا کردەوە و ئاماژەی بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیاندا لە پێناو خزمەتکردنی زیاترى هاوڵاتییان و ئومێدی خواست ئەو چەندڕۆژەى لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانن کاتێکى خۆش بەسەر بەرن.
پاشان، گفتوگۆ لە بارەى بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری لە دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە نێوان وڵاتى تورکیا و ھەرێمی کوردستان کرایەوە، کە دەروازەیەکە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر گرنگی و بەھای ئابووری و گەشتیارى خۆی ھەیە و لە ڕووی ئاوەدانیی و بازرگانی سوودی بۆ هەردولا دەبێت، ئەوە بێجگە لە ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆ خەڵکی دەڤەرەکە، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ئامادەیی هەموو ئاسانکارى و هاریکارییەکى نیشاندا.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، شاندى میوان بەفەرمى داوەتى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ سەردانیکردنى جۆلەمێرگ ( پارێزگای ھەکاری ) و دیدار و کۆبوونەوەى لەگەڵ پارێزگارى شارەکە، لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە بە سوپاسەوە بانگێشتەکەیان قەبوڵکرا.
لە کۆتاییدا، قائیمقامی قەزایی شەمزینان و شاندێکى یاوەرى، سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پێشوازییەکەى و جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە و خۆشحاڵى خۆشیان بەسەردانیکردنى هەولێرى پایتەخت و ئەو ئارامى و ئاسایشى و ئاوەدانییەى له هەولێر بهرقهراره نیشاندا.