حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دابەشکردنی مووچە و گفتوگۆکانی شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی دا، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون و لەیەکگەیشتنی هاوبەش هاتووەتە دی بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و لە سێشەممە، 17ی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە پێی بڕیاری دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و لە سەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون ولەیەکگەیشتنی هاوبەش هاتووەتەدی بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.
هەروا ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی سێشەممەوە 12/17 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکرێت و لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی مووچە، مووچەی مانگەکانی تریش بە زووترین کات دابەش دەکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی خۆڕاگریی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دڵنیایان دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانیان نابین.