لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بانگێشتی وەبەرهێنەرانی بەریتانیا دەكرێت سەردانی كوردستان بكەن و كاری وەبەرهێنان بكەن.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لـە دووەم ڕۆژی كۆنفرانسی پایزی IBBCدا، د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە ناوی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد.
دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش داوە، د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبـەرهێنان لە وتارەكەیدا، سـڵاو و ڕێـزی سـەرۆكـی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ئاراستـەی ئەنجوومەنی بازرگانیی عێراق- بەریتانیا و بەشداربوانی كۆنفڕانـسەكە كرد و هیوای خواست لێكەوتە و دەرئەنجامەكانی كۆنفرانسەكە، خزمەتی زیاتر بە پتەوكردنی پێوەندیـیە ئابووری و بازرگانـییەكانی نێوان كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستـان و عێراق و شانشینی بەریتانیا بكات.
هەر لە وتارەكەیدا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی ههرێمی كوردستان ئاماژەی بە دەرفەتە زێڕین و ناوازەكانی وەبەرهێنان كرد لە سێكتەرەكانی وزەی نوێ بۆ كشتوكاڵ، گەشتیاری، پەروەردە و فێركردن، تەندروستی، خزمەتگوزاری و تەكنەلۆجیا. لە هەمان كاتیشدا بانگهێشتی وەبەرهێنەر و كۆمپانیاكانی بەریتانیای كرد بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.
د.محەمەد شوكری لە وتارەكەیدا، پشتیوانی دەستەی وەبەرهێنان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پابەندبوون بە فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار و ئارام بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی پێشان دا، كە هاوشێوەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
ئاماژه بهوهش دراوه، كە ئەنجـوومەنی بازرگانیی عێراق- بەریتانیا IBBC، ساڵانە لە دوو كاتی جیاوازدا كۆنفرانـسێكی ئابـووری و بازرگانی و پەروەردە لە شارەكانی لەندەن لـە بەریتانیا و شاری دوبەی لە ئیماراتی عەرەبی ڕێكدەخات.