ئەمڕۆ شەممە 14ی 12ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: “بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتبارمان دەستگیر کرد بەناوەکانی (ک. ح. م) و (ح. ع. أ).”
ئاماژەی بەوەش داوە، كە “تۆمەتبارانی ناو هاتوو هەڵساون بە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و تەقەکردن و بڵاو کردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.”
ڕوونیشی كردووەتەوە، كە “یەکێک لەو تۆمەتبارانە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە و لە ژێر کاریگەری بەکارهێنانی ئەو مادەیەدا هەڵساوە بە ئازاردانی کەسێکی خاوەنپێداویستی تایبەت و گرتەڤیدێۆی کاتی ئازاردانیشی تۆمار کردووە و چەند تاوانێکی دزیکردنیشی ئەنجامداوە.”
ئاسایشی هەولێر دووپاتی دەكاتەوە، كە “هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەت هەڵگرێت و خۆی نماییش بکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر دەکریت.”
هاوكات ئاسایشی هەولێر سوپاسی خەڵك دەكات، كە هەمیشە هاوكارییان دەكەن لە پێدانی زانیاری.