شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی سێ پرس دەچێتە بەغدا

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابووریی، بۆ تاوتوێکردنی سێ پرس، دەچێتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆ دەبێتەوە. 

شەممە، 14-12-2024، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی  ڕایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە، 15-12-2024، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی سەردانی بەغدا دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوەش کرد، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆ دەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چارەکردنی کێشەی مووچەی هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ـی فەرمانبەران، هەمواری بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی 2025ـی فیدراڵی.

چوارشەممە، 11-12-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆ بووەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەش بکرێت، کە بەداخەوە، بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 12ین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12 وەردەگرن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئێستاش مووچەی مانگەکانی 10 و 11 ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم کەموکوڕیی لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە ولیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەی بە تەواوی و بە بێ کەموکوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.”