سێشەممە, كانونی یه‌كه‌م 17, 2024

ئیستەنبۆل.. تەوەرى سێیەمى کۆبوونەوەی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکان بۆ ئاشتی و هاوکاری لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا

 

ئەمڕۆ هەینی 2024.12.13، لە چوارچێوەى کۆبوونەوەی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکان بۆ ئاشتی و هاوکاری لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە بەشدارى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، تەوەرى سێیەمى کۆبوونەوەکە دەستى پێکرد.

کە تایبەت بوو بە “پەرەپێدانی شارنشینی لەلایەن حکومەتە خۆجێییەکان” لەوبارەیەشەوە لەلایەن پڕۆفیسۆر دارۆن ئەجەمۆغڵو، براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە ئابووری، پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساچوسێتس (MIT) و هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەرۆکانى شارەوانیەکانى کازابلانکا و کیلیس و ڕاوێژکاری شارەوانی ئیستەنبوڵ وتار پێشکەش کرا و پاشان نوێنەرانی شارەکان بەشداربوون بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى بیروڕای خۆیان لەوبارەیەوە.

لەوتارەکەیدا پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر مێژووی شاری هەولێر و ئاماژەی بەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنانەدا کە لەشارەکە هاتۆتە ئاراوە، ڕوونیشی کردەوە ئەگەر بارودۆخی ئابووری و ئەو زوڵم و ستەمەی بەغدا نەبا لە بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، هەولێری پایتەخت گەشاوەتر و ئاوەدانتر دەبوو.

پاشان لەبارەی پەیوەندییە پیشەسازی و ئابوورییەکان، جەختی لەوەکردەوە کە دەرگای هەولێر بەڕووی هەموو کۆمپانیا و وەبەرهێنەران کراوەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەولێر بکەن، ئێمەش وەک پارێزگای هەولێر بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان هەرچی ئاسانکاری هەیە پێشکەشیان دەکەین.