سووریا 35 هەزار کەس بێسەروشوێن کراون

ئەمڕۆ هەینی، 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ڕایگەیاند، لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا لەسووریا، 35 هەزار حاڵەتی بێسەروشوێنکردنیان تۆمارکردووە.

لیژنەی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا، “لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا لەسووریا، 35 هەزار حاڵەتی بێسەروشوێنکردنیان تۆمارکردووە، داواشی لە هەموو لایەنەکانی سووریا کرد کە ڕێگری لە لەناوبردنی تۆمارەکان بکەن، وەک لیستی دەستگیرکراوان یان کوژراوان”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمارەکان زانیاری گرنگیان تێدایە کە “دەتوانن یارمەتی خێزان و کەسوکاری ونبووەکان بدەن بۆ دۆزینەوە یان چارەنووسی ونبووەکان”.

لیژنەی نێودەوڵەتی ڕوونیشی کردەوە، “گویشتوونەتە هەموو ژوور و نهۆمەکانی زیندانی سیدنایا لە دیمەشق”.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، “هەرکەسێک شوێنی زیندانە نهێنییەکانمان نیشان بدات یان زانیارییمان پێبدات، بەڵێن دەدەین بیپارێزین و پاداشتی بکەین”.

ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد، بەڵام پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە ناو دیمەشق، لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا بە فڕۆکە بەرەو ڕووسیا هەڵات.