پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆکایەتیی هەرێم ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەدمیراڵ سێر ئه‌نتۆنی ڕاداکين، سوپاسالاری بەریتانیا و شاندێکی پایەبەرزی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری، کۆبووەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی هاتووە؛ کۆبوونەوەکە شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆك، وه‌زيرى كاروبارى پێشمه‌رگه، سوپاسالارى پێشمه‌رگه و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەی بوون، دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان و پێشهاته خێراکانى ناوچەکە، به‌تايبه‌تى له سووريا و ئەرکی هاوپەیمانيى نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوتوێ کرا، هەروەها پەیوەندییەکانی به‌ريتانيا له‌گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، خرايه به‌ر باس.
نێچیرڤان بارزانی، ستایشی ڕۆڵ و پشتیوانیی بەردەوامی به‌ريتانياى لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها سوپاس و پێزانينی بۆ هێزەکانی بەریتانیا دووپات كرده‌وه كه يارمه‌تيى هەرێمی کوردستان ده‌ده‌ن لە پرۆسه‌ى چاكسازى له وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.
لای خۆیەوە، ئەدمیراڵ ڕاداکين، پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیی زیاتر و بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هاريكارى و هەماهەنگی کرد بۆ دڵنیابوون لە بەرەنگاربوونەوەی سەرکەوتووانەی مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنى سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه.
هەروەها له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا خرانە بەر باس.