دادگایەک لە لاهای سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر هاووڵاتییەکی هۆڵەندیدا سەپاند، ئەمەش بەهۆی پەیوەندیکردنی بووە بە داعش و ئافرەتێکی ئێزیدیشی کردووەتە کۆیلە.
دادگا سزای زیندانیکردنی بۆ حەسنا ئەی، کە ئافرەتێکی تەمەن 33 ساڵە و دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی هۆڵەندایە دەرکرد، سزاکەش بە تۆمەتی بە کۆیلەکردنی ئافرەتێکی ئێزیدی و دڵسۆزی بۆ داعش پەرەپێدانی تاوانە تیرۆریستییەکان و هەروەها گیانی کوڕە بچووکەکەشی خستووەتە مەترسی”.
دادگاکە چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “بە کۆیلەکردنی ئافرەتێکی ئێزیدی تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە”.
هەر بەپێی بەیاننامەکە، حەسنا ئەی، لەساڵی 2015 لەگەڵ کوڕە 4 ساڵانەکەی چووەتە سووریا، ئەوەش دوای شەش مانگ لە ڕاگەیاندنی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ئەم وڵاتە بووە.
بەگوێرەی گوتەکانی دادگا، “سزادراوەکە لە سووریا هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی ئەو ڕێکخراوەدا کردووە و منداڵێکی لێ بووە، دواتر بۆ ماوەیەک لە ماڵی چەکدارێکی دیکەدا ژیاوە کە ئافرەتێکی ئێزیدی کردووە بە کۆیلە”.
دادگا سەلماندوویەتی، هاووڵاتیە هۆڵەندیەکە ئاگاداری کارەکانی ڕێکخراوەکە بووە و هیچی نەکردووە بۆ ئاسانکاری ژیانی ئێزیدییەکە “.
ئاماژەی بەوەش کرد، “سزادراوەکە فەرمانی بە ئافرەتە ئێزیدییەکە کردووە کارەکانی ماڵەوە بکات و ئاگاداری کوڕەکەی بێت”.
حەسنا ئەی لە تشرینی دووەمی 2022 لە کەمپی دەستبەسەرکردندا لە سووریا لەگەڵ 11 ئافرەتی دیکەی هۆڵەندی و 28 لە منداڵەکانیان گەڕانەوە هۆڵەندا، بەگوێرەی کەناڵی ‘نوس’ ئەو ئافرەتانە لە کاتی گەیشتنیان بۆ هۆڵەندا بە تۆمەتی تاوانی تیرۆریستی دەستگیرکراون.