بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران قۆناغی باشی بڕیوە، ئەو فەرمانبەرانەی کە لە قۆناغی یەکەم پارچە زەوییان وەرگرتووە تاپۆ دەکرێن. نەوزاد حاجی، بەرپرسی دابەشکردنی پارچە زەوی لە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، دەڵێت: لە ئێستادا خزمەتگوزاری ڕێگەوبان و چەند خزمەتگوزاریەکی دیکە بۆ ئەو زەویانە دەبردرێن، بەوەش ھاووڵاتییان دەتوانن سوود لە زەوییەکانیان وەربگرن.
ڕووبەری ئەو پارچە زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن لە دوو سەد مەتر کەمتر نییە واتە درێژیەکەی ھەشت مەتر و پانییەکەی بیست و پێنج مەترە، ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، بڕیارەکە لە ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٤ لە ژمارە ٢١٩ـی ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە، بەپێی ڕێنمایەکان ھەر فەرمانبەرێک پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبووبێت، ساڵانی خزمەت، خێزان، منداڵ لەگەڵ بڕوانامە بە خاڵ بۆی ھەژمار دەکرێت و ھەر فەرمانبەرێکیش لە ھەشت ساڵ خزمەتی زیاتر بێت زەوی وەردەگرێت.
نەوزاد حاجی، بەرپرسی دابەشکردنی پارچە زەوی لە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پاش بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەکو یەکەم شار لە زاخۆ دەستمان بە دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا کرد، لە قۆناغی یەکەم ٤٧٤٧ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەدا دابەشمان کردن، لە ئێستادا بەڵگەنامەکان کۆکراونەتەوە و ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرە کراون بۆ ئەوەی خاوەن زەوییەکان تاپۆکانیان وەربگرن.
بەرپرسی دابەشکردنی پارچە زەوی لە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، دەشڵێ: ڕۆژانە ئەو ھاووڵاتییانەی پارچە زەوییان وەرگرتووە دەتوانن سەردانمان بکەن و مامەڵەکانیان تەواو بکەن، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ببنە خاوەن تاپۆکانیان.
نەوزاد حاجی، بەرپرسی دابەشکردنی پارچە زەوی لە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ، ئاشکراشی کرد: لە ئێستادا خزمەتگوزاری ڕێگەوبان و چەند خزمەتگوزاریەکی دیکە بۆ ئەو زەویانە دەبردرێن، بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن سوود لە زەوییەکانیان وەربگرن.