لەمساڵدا ٢٧ پڕۆژەی ڕێگاوبان لە سنووری ئیدارەی سۆران جێبەجێ کراون

ئەمساڵ لە ئیدارەی سۆران گرنگییەکی زۆر بە ڕێگەوبانەکان دراوە، تەنیا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران، بەگوژمەی ١٠ ملیار دینار ٢٧ پڕۆژە جێبەجێ کراون و ڕەزامەندی بۆ سێ پڕۆژەی دیکەش وەرگیراوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەکەونە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

لە سنووری ئیدارەی سۆران بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیا و کاری بازرگانی و کشتوکاڵی و ھەبوونی ھەر دوو دەروازەی نێودەوڵەتی زیاتر گرنگی بە ڕێگەوبانەکان دراوە، بۆ وەرزی زستانیش چەندین تیم بۆ ڕاماڵینی بەفر پێکھێنراون بۆ ئەوەی ئاستەنگی ھاتووچۆ دروست نەبێت، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەمساڵ ٢٧ پڕۆژە لە بواری ڕێگەوبان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان چاککراون، یان نۆژەنکراونەتەوە، گوژمەی ئەو پڕۆژانەش ١٠ ملیار دینار دەبێت.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران، گوتیشی: ئەو پڕۆژانەی لە بواری ڕێگەوبان جێبەجێ کراون لە سنووری ھەر شەش قەزای مێرگەسۆر، قەزای ناوەندی سۆران، چۆمان، ڕواندز، سیدەکان و خەلیفان بوونە، ٢٥ پڕۆژە لەو پڕۆژانە تەواو بوونە و کەوتوونەتە خزمەت ھاووڵاتییان، دوو پڕۆژەش ماون، ئەویش لەبەر وەرزی سەرماو سۆڵە کارکردن تیایاندا ڕاگیراوە، ڕەزامەندی ٣ پڕۆژەی دیکەشمان وەرگرتوە.
لەلایەکی دیکەوە ئێحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، دەڵێت: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە سیدەکان بووە قەزا لەو ماوەیەدا بە دەیان ڕێگەوبانی گرنگ و ستراتیژی لە سنوورەکە جێبەجێ کراون، لەگەڵ ئەوەی بە دەیان ڕێگەوبانی کۆڵانەکان قیڕتاوکراون، لە داھاتووشدا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە بواری ڕێگەوبان بەردەوام دەبن.