دۆخی نوێ پێویستی بە حکوومەت و پێشمەرگەی یەکگرتوو هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

رووداوەکانی سووریا کە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، یەکێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی بوو، بووەتە جێی سەرنجی تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە زلهێزەکان و میدیاکان و ئەو مەترسییە هەیە ڕووداوەکانی سووریا دەرفەتی دووبارە زیندووکردنەوە و بەهێزکردنی گرووپی تیرۆریستیی داعشی لێ بکەوێتەوە و بۆیەش ئامادەبوونی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە نوێیە بە پێویستییەکی هەنووکەیی دادەنرێت.

دۆخی دوای هەشتی کانوونی یەکەم کە ڕۆژی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەد بوو، دۆخێکی تەواو جیاوازە لە پێشتر و ناوچەکە لەبەردەم زۆر مەترسیدایە هەرچەندە وڵاتان هیوایان خواستووە گۆڕانکارییەکان بەخێر بۆ سەر خەڵکی سووریا بشکێتەوە و ئاسایش و سەقامگیری ڕوو لە ناوچەکە بکات.
ئەوەی ئاشکرایە لە سووریا هێزێک باڵادەستە کە پاشخانێکی سەلەفی و جیهادی هەیە هەمووان لە ڕابردووی ئەو هێزە دەزانن بەڵام لە داهاتووەکەی بێ ئاگان، دەسەڵات گۆراوە و تەنانەت حکوومەتێکی نوێ و کاتی بە سەرۆکایەتی محەمەد بەشیر پێکهاتووە کە پێشتریش لە دەسەڵاتی خۆجێیی ئیدلب سەرۆک وەزیران بووە و ناوی ئەندامانی کابینەکەیشی ئاشکرا کردووە کە بە سیمایان دەردەکەوێت چ عەقڵێکیان لە پشتە و هەر چەندە حکوومەتەکە کاتییە بەڵام بەسێک لە سیماکانی داهاتووی وڵاتەکە دەردەخات، تەنانەت یەک ژنیش لە کابینەکەدا جێی نەکراوەتەوە ئەوە جگە لەوەی کە پرس بە گرووپ و پێکهاتە و نەتەوە و ئاین و لایەنە سیاسییەکانی تر نەکراوە و پێدەچێت هەر لە ژوورێک بڕیارەکان درابن، کە هەمان ڕێچکەی حکوومەتی ڕووخاوە.
گرووپە چەکدارییەکانی داعش و گرووپە توندڕەوەکان لە گۆشە و کەناری ئەو وڵاتەدا خۆیان مەڵاس داوە و لە ژێر سێبەری ئەو کەشە نوێیە سیاسییە خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەن و لە چەند شوێنێک دەستیان بە جووڵە کردووە. پەڕینەوەی هەر چەکدارێکی داعش بۆ ئەم دیو سنوورە ئاسایشی تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەخاتە مەترسی و بۆیەش هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەی کوردستان ئەو بەرپەرسیارێتییەیان لەسەر شانە بە یەکگرتوویی پارێزگاری لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئەمەریکا هەر زوو هەستی بەو مەترسییانە کردووە و حەفتاوپێنج جار مۆڵگەی ئەو گرووپانەی لە سووریا کردە ئامانج و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بە فەرمی ئۆپڕاسیۆنەکەی ڕاگەیاند. ئەمەریکا نایەوێ ڕیسی چەند ساڵی ڕابردووی لە خەبات دژی تیرۆر ببێتەوە خوری، ئەمەریکا بە هاوکاری هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان شکستی بە داعش هێنا و هەر ئێستا لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە دەیان هەزار ئەندامی داعش و بنەماڵەکانیان لە ژێر چاودێری دان و هەر جۆرە ئاڵۆزییەک ببێتە هۆی ئازادبوونی ئەو گیراوانە، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق و کوردستان و ناوچەکە و تەواوی جیهان دەهێنێتە کایەوە.
هاوکات ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕای گه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ ڕووخانی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د به‌ ده‌رفه‌تێكی زێڕین داده‌نرێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا بووه‌ته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیی گه‌وره‌ و ئه‌مه‌ریكا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێ به‌ سه‌رهه‌ڵدانی دووبارەی داعش نادات. ئه‌و ڕوونی كرده‌وه‌، واشنتن زۆر به‌ ڕاشكاوی بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆر و توندئاژۆیی له‌ ناو خاكی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ربڕیوه‌.
جگە لەمە جۆن کێربی ڕێکخەری پێوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕای گەیاند حکوومەتی ئەمەریکا بە وردی چاودێریی دۆخی سیاسیی سووریا دەكات و ڕێ لەوە دەگرێت داعش دۆخەکە لە قازانجی خۆیدا بقۆزێتەوە.
ئەو نیگەرانییە تەنیا بۆ ئەمەریکا نییە بەڵکوو وڵاتانی تری رۆژئاواش هاتوونەتە سەر هێڵ و قسە لەوە دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و پێشبینی دەکرێ جارێکی تر هەولێر ببێتەوە ناوەندێکی گرنگی دیپلۆماسیی ناوچەکە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە لە رووبەڕوونەوەی تیرۆر پشتیان بە هێزی پێشمەرگە بەست، ئەم جارەش ئەو چاوەڕوانییەیان لە پێشمەرگە هەیە یارمەتییان بدات، چاوەڕوانییەک کە دەکرێ بۆ کورد وەک دەرفەتیش لێک بدرێتەوە بە مەرجێک بە حکوومەتێکی یەکگرتووی خاوەن یەک هێزی پێشمەرگە بێتە مەیدان و رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.