هەرێمی کوردستان ئەوەی پیشانی جیهانداوە تەنیا دیالۆگ چارەی بنەڕەتی ئاڵۆزییەکانە

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

لە کاتێکدا گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە هەواڵی گەرمی میدیا جیهانییەکان و ئاڵۆزییەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی مەترسیدار، هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا جارێکی دیکە بە جووڵەی دبلۆماسی لە ڕێگای سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و حکوومەتەوە و بە پێشوزازی کردن لە نێردە و نوێنەری وڵاتان ڕۆڵی خۆی گێڕا و لەو دیدار و سەردانانەشدا جەختی لە دیالۆگ و گفتوگۆ و چارەی ئاشتیانە کردووەتەوە.

سەرۆک بارزانی، هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ئاماژەکانی نزیکبوونەوەی پێشهاتەکانی سووریا، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەفتارێکی وا ئەنجام نەدرێت کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لەنێو پێکهاتەکانی سوریا قووڵ بکاتەوە.
هەروەها ئومێدی ئەوە دەخوازین لایەنەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیرییدا بێت. پێشتریش لە چەندین دیداری سیاسیدا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە ، دیالۆگ و هەنگاوی ئاشتیانە تاکە ڕێگای چارەی بنەڕەتی کێشەکانی ناوچەکەیە و هەوڵەکانیشی لەپێناو ئەوەدابووە ناکۆکییە سیاسییەکان بە ڕێگەی دیالۆگ بگەیەنرێتە ئەنجامێک کە مافی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی ناوچەکە تیایدا لەبەرچاو بگیرێت.
نزیک لە یەک کاتیشدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەستیارترین دۆخدا و لەنێو لوتکەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە جووڵەیەکی بەهێزی دبلۆماسیان نواند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریس و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شانشینی بەحرەین.
سەرۆکی هەرێم لە پاریس، هاوشانی بەهێزترین سەرکردەکانی جیهان بە بانگهێشتی فەرمی بەشداریی لەدووباره‌ كردنه‌وه‌ى كاتێدرالى نۆتردامدا كرد. لەمیانی ئەو سەردانەیدا لە نزیکەوە چاوی بە سەرکردە و کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان کەوت و لە میانی بەشداریکردنەکەیدا، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کورستان، له‌ په‌يامێكدا له‌سه‌ر تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تیى ئێكس،ڕایگەیاند: له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن و سه‌ركرده‌كانى ديكه‌ له‌ پاريس، به‌شداريم له‌ ڕێوڕه‌سمى دووباره‌ كردنه‌وه‌ى كاتێدرالى ناودارى نۆتردامدا كرد. ئه‌م ڕووداوه‌ مێژوويييه،‌ موكوڕيمان له‌سه‌ر پاراستنى ميراتى هاوبه‌شى مرۆڤايه‌تيمان نيشان ده‌دات. پيرۆزبايى له‌ هاوڕێم سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ ناوازه‌يه‌.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دواى کۆتاییهاتنی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، له‌ كۆشكى ئێليزێ ئاماده‌ى ئێواره‌خوانێك بوو كه‌ سه‌رۆك ماكرۆن بۆ ميوانان و به‌شدارانى ڕێوره‌سمه‌كه‌، ئاماده‌ى كردبوو.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، دەرکەوتن و بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێم لەو کاتە هەستیارەی ناوچەکە و لەو ڕووداوە گرنگ و جیهانییەدا، جگە لە دیوە دیارەکانی کە پیشاندانی هەیمەنەی هەرێمی کوردستان و پێگەی بەهێزێتی مەغزای زۆری هەیە و دیوی شاراوەشی هەیە کە ئەستەمە بە ئاسانی پەی پێ ببردرێت و دەبێت چاوەڕوانی داهاتوو بین تا تەواوی کاریگەرییەکانی ئەو سەردانە و سەردانی هاوشێوە دەربکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتی فەرمی سەردانی شانشینی بەحرەینی کرد و لەلایەن بەرپرسانی شانشینەکەوە پێشوازی لێکرا و چاوی بە شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین و جێنشین و بەرپرسانی شانشینەکە کەوت.
سەردنەکەی سەرۆک وەزیران دەنگدانەوەیەکی باشی بەدوای خۆیدا هێنا و لە میدیا جیهانی و عەرەبییەکان و لەناوخۆی شانشینی بەحرەینیش بووە بابەتێکی گرنگ.
هەر یەکە لە ڕۆژنامەکانی (الایام، الوطن، اخبار الخليج و البلاد) پەڕەی یەکەمی هەواڵەکانیان بۆ کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تەرخان کردووە و وەکوو ئەوان ئاماژەیان پێ داوە، گەورە بەرپرسانی بەحرەین و لەسەرووی هەمووشیانەوە، شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە و میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە پەیوەندییەکانی هەولێر و مەنامەیان بە “برایانە” ناوبردووە و جەختیان لە بەهێزکردنیان لەسەر ئاستی هەموو بوارەکان کردووەتەوە. بە گوێرەی ئەو ڕۆژنامانە، تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکان، بارودۆخی ئێستەی ناوچەکە بووە.
جگە لەوەی هەر دوێنێ، سەرۆک وەزیران لەپێناو ئەوەی بە باشترین ئامادەکارییەوە هەرێمی کوردستان لە ڕووداوەکاندا هیچ نەبێت بێ زیان و سەقامگیر بمێنێتەوە، داوای یەکدەنگی کردووە و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا و لە دەستپێکی وتەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کوردستان پێویستی بە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی لایەنەکانە لە پرسە نیشتیمانییەکاندا.