شەپۆلێکی دیکەی بەفروباران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

ئەمشەو چوارشەممە 11/12/2024، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: “لە سبەینێ پێنجشەممەوە کەشێکی ناسەقامگیر روو لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و شەپۆلێکی دیکەی بەفروباران و سەرمای بەهێز هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەفربارینی چڕ لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات.”

ئاماژەشی بەوە داوە: “سەرەتای بارانبارینەکش لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای مووسڵ و دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستپێدەکات و لە کاتژمێر 12ی شەو بەدواوە واتا شەوی هەینی کاریگەری شەپۆلەکە فراونتر دەبێت و تەواوی سەنتەری پارێزگای هەولێر و ڕۆژئاوای هەولێر، گوێڕ، شەمامک، قەراج، مەخموور، سەرگەڕان، ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سۆران، کۆیە و دەورووبەری دەگرێتەوە و لە کاتەکانی خۆرهەڵاتن بەدواوە لەڕۆژی هەینی بارانبارین تەواوی ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری و سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی باکووری گەرمیان دەگرێتەوە.”

ئەوەشی خستووەتە روو: “بڕ و جۆری بارانبارین شوێن بۆ شوێن دەگۆڕێت و لە هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سۆران ئەگەری بارانی مامناوەند هەیە و لە سلێمانی، ڕاپەڕین، کەرکووک، کۆیە و دەورووبەری ئەگەری بارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕ هەیە و پێشبینی دەکرێت بارانی باش لەو ناوچانە ببارێت.”

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی روونیشی کردووەتەوە: “لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینە بارسته هەوایەکی ساردی جەمسەری لەسیبیریاوە لە ڕێگەی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دێتە ناوچەکان و پلەکانی گەرما لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت و لە هەندێ شوێن لەشەواندا پلەی گەرما 16 پلەی ژێر سفری سەدی تێپەڕدەکات.”

راشی گەیاندووە: “بەفربارینی چڕ ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە حاجی ئۆمەران ودەورووبەری ئەگەری زریانی بەفر هەیە، هەروەها لە ئامێدی و دەورووبەری، چیای مەتین، پێرس، حەسەن بەگ، هەڵگورد، کۆڕەک، مەرزی کێلێ و هەورامان ئەگەری بارینی بەفر هەیە لەگەڵ ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.”

جەختیشی کردووەتەوە: “کاریگەری شەپۆلە بارانبارینەکە تا ئێوارەی ڕۆژی هەینییە، بەڵام بەفربارین تا ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت، لە شەوی هەینی لەسەر شەممەش لە زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەر ڕوودانی دیاردەی تەمومژ هەیە بەهۆی نزمی پلەکانی گەرما و بەرزی شێ ڕێژەیی.