ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی 12ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند: “پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کۆرۆلا لەسەر ڕێگەی کەلار – ناحیەی باوەنوور بەئاراستەی کەلار هاتووە لە گوندی بەردەسوری کۆن پاش ئەوەی کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات خۆی بەستوونێکی ڕووناکیدا دەکێشێت.”
ئاماژەی بەوەش داوە، كە بەهۆی ئەو ڕووداوە، “پێنج منداڵ و دوو ئافرەت بریندار بوون، كە دەستبەجێ بریندارەکان گەیەنرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە دوو لە بریندارەکان کە منداڵن گیانیان لەدەستدا و دوو برینداری دیکەیش بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە ڕەوانەی سلێمانی کران.”
زیاتر ڕوونی كردووەتەوە، كە “ئەو دوو منداڵەی گیانیان لەدەست داوە تەمەنیان شەش ساڵ و هەشت ساڵە.”
باسی لەوەش كردووە، كە بەمەبەستی زانینی هۆكار و چۆنیەتی ڕووداوەكە، لەلایەن تیمی هاتوچۆی گەرمیانەوە، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێكردووە.