430 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بڕی 430 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستا گوتی: ئەو 430 ملیار دینارەی خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بۆ تەواوکردنی کورتهێنانی هەردوو مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیاری تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیەی دەرکرد بۆ تەواوکاری کورتهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی 2024.

پێشووتریش ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ بڵاو کردەوە و ئەوەی خستە ڕوو “بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەکان دەکرێت.”

ڕاشیگەیاندبوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو دابین و دابەشکردنی مووچە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تاوەکوو چارەسەرییەکی ڕیشەیی گرفت و کێشەکان بکەن.