شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق: هەمواری یاسای بودجە گرنگە بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لە دژی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران ھاوھەڵوێست بن، نەک ھەندێک لە حزبەکان مامۆستا و فەرمانبەران بۆ مەرامی سیاسیی بەکاربھێنن و خەڵک چەواشە بکەن. دەشڵێ، ھەمواری یاسای بودجە گرنگە بۆ ئەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەست پێبکاتەوە.

ئەو ئەندامەی کورد لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، عەقلیەتێکی شۆفێنی ھێشتا لە بەغدا ھەر ماوە، ڕێککەوتن بکرێت، یان نەکرێت ئەوان ھەر کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکەن، ئەوەش پەیوەندی بە نەوت و ناردنی لیستی مووچەوە نییە، بەڵکو ئەوە پەیوەندی بەو عەقلیەتەوەیە کە بەردەوام کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، ئەگەرنا دواخستنی مووچە ھیچ بیانوویەک ھەڵناگرێت، چەندین جار حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی کەچی بەغدا ھەر پابەند نییە.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە و پەسەند بکرێت، چونکە بەپێی دەستوور ھەر کاتێک بودجە ھاتە پەرلەمان، پێویستە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن تاوەکو پەسەند دەکرێت.
ئەو ئەندامەی کورد لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: بۆ ھەموارکردنی یاساکە ھەموو لایەنەکان کۆکن، لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەنگی لەسەر دراوە، ئەو ڕۆژەی محەممەد شیاع سوودانی ھاتە پەرلەمان ئەگەر خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەموارەکە کرابایە، ئێستا یاساکە ھەموار دەکرایەوە و نەدەکەوتە مانگی یەک و دوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەرلەمان بە پەرلەمانتارانی گوت، دەبێت ھەر چی زووە یاساکە ھەموار بکرێتەوە، چونکە عێراق زیانێکی زۆری کردووە، بە ھەموارکردنەوەی یاساکە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا چارە دەبن و بەشێکی زۆری کورتھێنانی بودجەش چارە دەبێت.
سەبارەت بەوەی یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە، بودجە و مووچەی کوردستان ڕەوانە دەکرێت، یان ھەر وەکو ئێستا دەبێت، ئەو ئەندامەی کورد لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، یاساکە ھەموار بکرێتەوە باشترە، چونکە ئەو کاتە نەوتی کوردستان ھەناردە دەکرێت، مانگانە بای ملیارێک دۆلار نەوت دەفرۆشرێت، ئەو کاتە جۆرێک لە بێمنەتی دروست دەبێت، ئەو کات ڕەنگە ھەر پارەی نەوتەکەی خۆمان بماندەنەوە، بۆیە لە ھەموو حاڵەتەکان فرۆشتنی نەوت و ھەموارکردنەوەی یاساکە کاریگەری لەسەر کێشەکانی ھەولێر و بەغدا دەبێت.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ: نوێنەرانی کورد لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق ھاوڕان لەگەڵمان کە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بە سیاسیی کردووە، بەڵام لە ھەرێمی کورستان کێشە دروست دەکەن، خەڵک چەواشە دەکەن و فێل دەکەن، ئەوەش دووفاقییە، خۆیان لە بەغدانە و واقعەکە دەزانن کە خەتاکە لە حکوومەتی عێراقە، بەڵام دێن خەڵک ھان دەدەن و دەڵێن خەتای ھەرێمە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە دژی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران ھاوھەڵوێست بن، نەک مامۆستا و فەرمانبەران بۆ مەرامی سیاسیی بەکاربھێنن.