سەرۆك بارزانی: یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان جێی پەنجەیان لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان دیارە

سەرۆك بارزانی بە بۆنەی 72مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان، یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و لە هەمانكاتیشدا ئەزموونێكی سەركەوتووی بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان بووە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

به‌ڕێزان سكرتێر و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستان،

به ‌بۆنه‌ی حەفتاودووهەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی ئافره‌تانی کوردستان، پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ی ئێوه‌ و هه‌موو ئه‌ندامانی رێکخراوه‌ تێکۆشه‌ره‌که‌تان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان ده‌که‌م.

یه‌کێتیی ئافره‌تانی کوردستان، یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و لە هەمانكاتیشدا ئەزموونێكی سەركەوتووی بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان بووە. یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان رێکخراوێکی تێکۆشه‌ری ناو شۆڕش و خەباتی گەلی كوردستانە كە ڕۆڵی خۆی لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و پێگەیاندنی ئافرەتان و بەرگریكردن لە مافەكانیان زۆر بە باشی بەجێ گەیاندووە و جێی پەنجەیان لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەمیشە دیارە.

ئەو چاوەڕوانییە لە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە كە لە قۆناغەكانی داهاتووی ژیانی گەلەكەماندا لە چوارچێوەی كولتووری پێكەوەژیان و مەدەنییەت و یەكسانی و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی و كۆمەڵایەتی كار بۆ بەهێزكردنی هەستی نیشتیمانپەروەری لەنێو ڕیزەكانیاندا بكەن.