سەرۆکی حکومەت لەگەڵ شا حەمەدی شای بەحرەین کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی سافریە لە مەنامە، لەگەڵ شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین کۆبووەوە.
شای بەحرەین ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و دۆخی ئارامی و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستانی بە ڕێبەرایەتیی ژیر و حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و ئامادەیی شانشینی بەحرەینی بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی و هاریکاریی بەحرەین نیشاندا.
هەردوولا هاوڕابوون و ڕێککەوتن لە سەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و کردنەوەی کونسولخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە-هەولێر لە ئایندەدا.
دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتی سووریا و ناوچەکە ، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە میر ناسر بن حەمەد ئال خەلیفە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی بەحرەین ئامادەی بوون.