وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوبەشییەکی نوێی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند

بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن لە لایەن هەریەک لە سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و تاهیر بێناتیا، بەڕێوبەری پڕۆگرامی ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسا لە عێراق، ئیمزا کرا.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یاداشتنامەکە، نەخشەڕێگای گشتیی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لەگەڵ دامەزراوەی ئاژانسی شارەزایانی فەڕەنسا دەبێت بۆ قۆناغی داهاتوو.

ئاماژە بەوەش کراوە “ئەم یاداشتنامەی لێکگەیشتنە، هەنگاوێکی دیکەی بونیاتنان و پەرەپێدانی ژێرخانی دامەزراوەییە لە هەرێمی کوردستان و سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات بەرەو قۆناغێکی تر دەبات.”

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکیان خستە سەر گرنگیی ئەم یاداشتنامەیە.

وەزیری ناوخۆ، گرنگی، یاداشتنامەکەی بۆ مێدیاکان خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە دا، دامەزراوەی ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسا لە ڕێگەی یەکێتیی ئەورووپا، بڕی 1.5 ملیۆن یۆرۆی بۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە تەرخان کردووە، تێیدا بەهەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، کار لەسەر بەرزکردنەوەی توانای خۆڕاگری کۆمەڵگا و وەڵامدانەوەی مەترسی و کارەساتەکان دەکرێت؛ بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی فەرەنسا و دابینکردنی توانای لۆجێستی و شارەزایی لەو بوارە بەتایبەت بۆ تیمەکانی بەرگری شارستانی.