کارگەی زۆم 2٦ەمین لقی بۆ وەرگرتنی شیر دەکاتەوە

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پڕۆژەی کارگەی زۆم بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمە شیرەمەنییەکان، ٢٦ لقی تازە دەکاتەوە و شیر لە ھاووڵاتییانی گوندنشین وەردەگرێت، بەرھەمەکانی ئێستا لە بازاڕ خواستێکی زۆری لەسەرە و بووەتە ھۆی ڕەخساندنی ٢٤٠ ھەلی کاری ڕاستەوخۆ و سەدان ھەلی کاری ناڕاستەوخۆ.

بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنانی سۆران، بڵاوی کردووەتەوە، پڕۆژەی کارگەی زۆم بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمە شیرەمەنییەکان، ٢٦ لقی تازە لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە. ئاماژە بەوەشکراوە، لە وەرزی زستان بەرھەمی شیر کەم دەکات و پلان وایە ساڵی ئایندە دوای ھەموارکردنەوە، شوێنی بەخێوکردنی مانگای شیر بۆ پێکھاتەی پڕۆژەکە زیاد بکرێت.
دوا بە دوای پێدانی مۆڵەتی وەبەرھێنان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرھێنانی سۆران بۆ پڕۆژەی کارگەی زۆم، لە ٢١/٧/٢٠٢٢ بە ژمارە مۆڵەتی ١١٤٥ کە دەکەوێتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە قەزای مێرگەسۆر، بەرھەمەکانی ئێستا لە بازاڕ خواستێکی زۆری لەسەرە.
شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە پڕۆژە ھەرە گرنگەکان دادەنرێت، بووەتە ھۆی ڕەخساندنی ٢٤٠ ھەلی کاری ڕاستەوخۆ و سەدان ھەلی کاری ناڕاستەوخۆ، ئەمساڵ شیر لە دوو ھەزار خێزان وەرگیراوە، ئەمەش وای کردووە خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵداری بکات، خەڵک ھەیە ئۆتۆمبێلی خۆی فرۆشتووە، بۆ ئەوەی مانگا بکڕێت بۆ شیر، لەلایەکی تریشەوە بووەتە ھۆی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و ساغکردنەوەی بەرھەمی شیری خۆماڵیی ئاژەڵداران و بەرھەمی ناوخۆ.