داوای ڕێزگرتن لە قوربانییانی تاوانی جینۆساید و قەرەبووکردنەوەیان دەکرێت

ئەمڕۆ حەفتا و شەش ساڵ لەمەوبەر بڕیاری قەدەغەكردنی جینۆساید و سزادانی بكەرانی دەرچوو، نۆ ساڵ لەمەوبەریش ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بەشداری سەد و پەنجا و سێ وڵات، بڕیاری ئەوەی دا ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژی جیهانیی قەدەغەكردنی جینۆساید و ڕێزگرتن لە قوربانیان و سزادانی بكەرانی بناسرێت. لەم یادەدا ژمارەیەک ڕێکخراوی کوردستانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید داوای داوای ڕێزگرتن لە قوربانییانی تاوانی جینۆساید و قەرەبووکردنەوەیان دەکەن.

کۆنڤانسیۆنی قەدەغەکردنی جینۆساید و سزادانی بکەرانی لە نۆی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨ لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پەسند کرا، ئەوان بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی هەشتا و شەشی یازدەی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٦رایانگەیاند کە جینۆساید تاوانێکە لە دنیای مۆدێڕندا بەهیچ شێوەیە ڕێی پێ نادرێت و مێژوو سلماندوویەتی لە سەردەمەکانی ڕابردوودا چ زیانێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە و بۆیەش هاوکاری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و ولاتان پێویستە و دەبێت بە هەموو توانایانەوە پێش بەو تاوانە بگرن.
یاساکە لە نۆزدە مادە پێکهاتبوو کە لە مادەی یەکەمیدا پێداگری لەسەر ئەوە کردبوو کۆمەڵکوژی لە کاتی جەنگدا بکرێت یان لە کاتی ئاشتیدا ئەوا تاوانە و دەبێت بکەرانی سزا بدرێن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکرێت.
زیان گەیاندنی پیلانداڕێژەرانە بە تەندروستیی هەر گرووپێک، دروستکردنی ژینگەیەکی زۆر نالەبار بۆیان کە توانای وەچەخستنەوەیان نەمێنێت، گواستنەوەی زۆرەملێیانە، کوشتنی بە کۆمەڵ، هەوڵدان بۆ جینۆساید، بەشداریکردن لە جینۆساید و تەنانەت هاندانی جینۆسایدیش بە تاوان هەژمار دەکرێت.
ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاندووە لەكاتێكدا یادی ئەم ڕۆژە لە كوردستان دەكەنەوە، کە عێراق شەست و پێنج ساڵە پەیوەست بووە بە ڕێكەوتننامەكەوە، کەچی بەداخەوە تاوانبارانی جینۆساید ئازادن و لە پێگەی خۆیانەوە وەك بەشداربووی تاوان سەیر ناكرێن و دان نانێن بە ڕاستییەكاندا، لە بۆنەكاندا وەك ڕێزلێگیراو دەردەكەون و دوای مردنیان پرسەی شاهانەیان بۆ دادەنرێت.
ئەو ڕێکخراوانە داوایان کردووە بۆ ئەوەی ڕێز لەو بڕیارە جیهانییە و قوربانیانی جینۆساید بگیرێت و كەرامەتیان پارێزراو بێت، پێویستە دەستبەجێ تاوانباران دادگایی بكرێن.
هاوکات داوا لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عیراق دەكەن ئەم ڕۆژە بە فەرمی بناسێنن و بكرێتە ڕۆژێكی تایبەت تێیدا ڕێز لە قوربانیانی جینۆسایدی كوردستان و عێراق بگرن و وەڵامی سەرجەم داواكارییەكانیان بدرێتەوە کە بریتین لە لە دادگاییكردنی تاوانباران، باشتركردنی ژیانیان، داوای لێبوردن كردن لێیان، قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوییان، گەڕانەوەی ڕووفاتی ئازیزانیان و لە هەمان کاتدا بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید و دڵنەوایی قوربانیان، عێراق بەپەلە ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
رێکخراوەکانی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان، تۆڕی ئایكان كوردستان، قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان، جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی، هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان، هەڵمەتی دادپەروەری، ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانییان وجینۆسایدكراوان، ڕێكخراوی كوردستانی بێ جینۆساید، تۆڕی هاوپەیمانی ڕێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی-koncic و ڕۆژنامەی نگرە سەلمان لەو ڕێکخراو و دامەزراوانەن کە داواکارییەکانیان خستووەتە ڕوو.
پێویستە بگوترێ کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان قوربانییەکی سەرەکیی تاوانی جینۆسایدە و لە باشووری کوردستان لە دەیەی هەشتای زاینی بە پلان و بەرنامە هەوڵ درا گەلی کورد قڕ بکرێت و لە دەیەی ڕابردووشدا ئەوتاوانانە دووبارە بوونەتەوە کە ئێزدییەکان قوربانیی سەرەکی بوون و بەگشتی شوێنەواری ئەو تاوانە هێشتا بە جەستەی کوردەوە ماوە و نە عێراق و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم ڕووەوە هەستیان بە بەرپرسیارێتی نەکردووە .